رەسوڵ رەئوف: ئەو کۆبوونەوەیەی لەبارەی پێکهێنانی لیستی هاوبەشی کوردستانی کرا، راوێژکاری بوو

رەسوڵ رەئوف، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
رەسوڵ رەئوف، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر:

پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری رەتیدەکەنەوە بەشداریان لەو لیستە کوردییەدا کردبێت کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکهێندراوە.

رەسوڵ رەئوف ‎ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و سەرپەرشتیاری كەركووكی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی لەبارەی پێکهێنانی لیستێکی هاوبەشی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، راوێژکاری بووە و بڕیاری پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش تێدا نەدراوە.

هاوکات مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە تاوەکو ئێستا هیچ لیستێکی کوردی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان رانەگەیەنراوە و هیوا دەخوازین یەک لیستی دروست بکرێت بۆ ئەوەی دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت و هەژموونی ئەوانی تر لە شارەکەدا زاڵ نەبێت.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ گوتەبێژێك لە مەکتەبی سیاسی پارتی رەنجدەرانی کوردستان، له‌چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا روونیكرده‌وه‌، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لەسەر داوا و پێشنیازی بەشێك لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی راوێژی بە بەشداری 13 پارت و لایەنی سیاسی ئەنجامدرا، تێیدا پرسی یەك لیستی له‌ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان خرایه‌ڕوو، لایەنە بەشداربووه‌كان بە باشیانزانی هەوڵبدرێت یەك لیستی کوردستانی پێكبهێندرێت، بەڵام هیچ رێکەوتنێك نەکرا.

هه‌روه‌ها گوتەبێژی مه‌كته‌بی سیاسیی  YNDK له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌ی كاری هاوبه‌شی چه‌پی كوردستان، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌یه‌كی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانمان كرد، بۆ تاووتوێكردنی پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، به‌تایبه‌ت له پارێزگای ‌كه‌ركووك، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاوڕابووین کەوا لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵویست بن بۆ پێكهێنانی یه‌ك لیستی كوردستانی، بۆ هه‌موو لایه‌كی روونده‌كه‌ینه‌وه‌ کۆبوونەوەکە تەنها بۆ بیروڕاگۆڕینەوە بوو، هیچ رێکەوتنێک نەکراوەو هیچ هاوپەیمانێتییەک پێکەهێنراوەو بڕیاری پێكهێنانی هیچ لیستێكیش نه‌دراوه‌.

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، لە مانگی ته‌ممووز ده‌ست به‌ تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی، حزب و كاندیده‌كان ده‌كه‌ن.