کرملین: سەبارەت بەو هێرشه‌ی کرایە سەر مۆسکۆ، رێوشوێن گیراوه‌ته‌به‌ر

K24 - هەولێر:

دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا کرملین، رایده‌گه‌یه‌نێت، سەبارەت بەو هێرشه‌ی كه‌ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایەسەر مۆسکۆی پایتەخت، رێوشوێن گیراوەتەبەر.

لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەو هێرشانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، پیسکۆڤ بەبیری رۆژنامەنووسانی هێنایەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە چالاکی خراون و رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانی رێوشوێنی پێویستی گرتووه‌ته‌به‌ر.

پیسکۆڤ راشیگه‌یاند، پرسی پەرەپێدان و کارکردن لەسەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریی رووسیادایە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا دوای ئەو هێرشانەی کرایە سەر مۆسکۆ، وەڵامی هاوشێوەیان بۆ ئۆکرانیا دەبێت، پیسکۆڤ گوتی: "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تا بە ئامانجەکانی دەگات".

پیسکۆڤ​​​​​​​ هێرشەکانی ئۆکرانیای بۆ سەر کریمیا هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوە دا، کە هەمووان لە ئامادەباشیدان و رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش.

بە ئاماژەدان بەوەی کە مەترسیی هێرشکردنە سەر پردی کریمیا بەردەوامە، پیسکۆڤ گوتی: "بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی پردی کریمیا، پێویستە رێوشوێنی زۆر ورد بگیرێتە بەر".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24/7/2023، دانیشتوانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەهۆی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز خەبەریان بووەوە. بەپێی زانیارییەکان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی بازرگانی لە شەقامی لیخاچۆڤ لە باشووری مۆسکۆ.

دانیشتوانی ناوچەکە لەبارەی دەنگە بەرزەکە دەڵێن: دوای  دەنگی تەقینەوەکە دوکەڵ بەرزبووەتەوە.

هەروەها ئاژانسی تاس رایگەیاندووە، هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوه‌. هێزە ئەمنییەکانی سەرقاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند وێنەیەک بڵاوبوونەتەوە کە پەنجەرەی ماڵ و دووکانەکانی نزیک تەقینەوەکە شکاون. بەڵام هیچ زانیارییەکی فەرمی نییە لەبارەی ئاماری قوربانییەکان.

ئاژانسی تاس نووسیویەتی: ئێستا شەقامی کەمسەمۆڵسکی پرەسپێکت داخراوە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووە و تیایدا هاتووە: "بەرەبەیانی 24ی تەممووزی 2023، هەوڵێکی رژێمی کیێڤ بۆ ئەنجامدانی هێرش بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنەکانی مۆسکۆ پوچەڵکرایەوە. لە راگەیاندراوەکە ئەوە خراوەتەڕوو، دوو فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئۆکرانی لە مۆسکۆ بەهۆی جەنگی ئەلیکترۆنی تێکشکێنران و هیچ قوربانییەک نییە.

هەروەها سێرگی سەبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە پەیامێکدا نوسیوویەتی: نزیکەی کاتژمێر چواری بەیانی، لێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر دوو باڵەخانەی پایتەخت تۆمارکراوە، باڵەخانەکان شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان نییە.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.