سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی پێشبینی گەشەی ئابووری جیهان بۆ لە 3٪ بەرز دەکاتەوە

لۆگۆی سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی
لۆگۆی سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی

K24 - هەولێر:

سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی پیشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری جیهان بۆ سەدا سێ بەرزدەکاتەوە ئەمەش واتە بەرێژەی 0.2٪ پێشبینییەکانی بەرزکردوەتەوە بەبەراورد بە خەمڵاندنەکانی مانگی چواری ئەمساڵ، کاتێک کە ترسی هەرەسی بانکەکان زیادبوو، هەروەها سندوقەکە پێشبینی دەکات ساڵی داهاتوو رێژەی گەشەی ئابووری بە نەگۆڕی لە سەدا سێ دەمێنێتەوە.

سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی پیشبینی بۆ گەشەی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بە رێژەی 0.5٪ دابەزاندووە بۆ 2.6٪  و بۆ ساڵی داهاتووش پیشبینی کردووە گەشەی ئابووری ئەو دوو ناوچەیە بە رێژەی 0.3٪ بۆ 3.1٪ بەرزببێتەوە.

بەڵام لە ئەمریکا پیشبینییەکان پێچەوانەن و سندوقی نەختینە پیشبینییەکانی بۆ 1.8٪ بەرزکردووەتەوە لەکاتێکدا پیشبینییەکانی مانگی چوار 1.6٪ بوو ئەمەش بەهۆی گەشەی بەکاربردنە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بەڵام بۆ سالی داهاتوو پیشبینی کردووە گەشەی ئابووری ئەمریکا تەنیا لە 1٪ بێت.

سەبارەت بە دووەم ئابووری جیهان پێشبینی گەشەی ئابووری وەک خۆی بەرێژەی لە 5.2٪ هێشتووەتەوە و بۆ ساڵی 2024یش پیشبینی کردووە گەسەی ئابووری لە 4.5٪ بێت

پیشبینییەکان بۆ رووسیا بۆ 1.5٪ بەرزبووەتووە لە کاتێکدا مانگی چوار 0.8٪ بوو ئەمەش بە پشت بەستن بە داتاکانی بازرگانی و بەرهەمهێنان و بنیادنانی پیشەسازی و بیناسازی لەو ولاتەدا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بۆ ساڵی داهاتووش پیشبینی کراوە گەشەی ئابووری رووسیا بە رێژەی 1.3٪ بێت.

سەبارەت بە سعودیە سندوقەکە پیشبینییەکانی لە 2.8٪ کەمکردووەتەوە بۆ 1.9٪ ئەمەش بە پشت بەستن بە داتاکانی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت کاتێک کە لەگەل هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس رێککەوت بۆ کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان.

بۆ رێژەی هەڵوسانیش لەسەر ئاستی جیهان سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی پیشبینی لە 7٪ کەمکردووەتەوە بۆ 6.8٪ و پێشبینی بۆ ساڵی داهاتووش  لە 4.9٪ەوە بۆ 5.2٪ بەرزکردووەتەوە.