لە 2016ـەوە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی دهۆک بە ئەلیکترۆنی کراون

K24 – دهۆک:

بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2016 کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی دهۆک بە ئەلیکترۆنی کرا، هاوکات هاووڵاتیانی دهۆکیش پێشوازی لە بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکان دەکەن، وەک خۆشیان ئاماژەی پێدەدەن، بەهۆی بەئەلیکترۆنیکردنی کارەکان، مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنی پاسپۆڕت زۆر خێرا بووە.

ئیحسان حەسەن، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتێک لە ساڵی 2014 سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی دهۆکی کرد مامەڵەکەی زۆر دوادەکەوت، پێویستی بەوە  دەکرد دوو بۆ سێ رۆژ چاوەڕوانی تەواوکردنی مامەڵەکەی بێت، بەڵام لە ئیستادا بە نزیکەی 15 خولەک مامەڵەکەی رایی کرا.

لەلایکی دیکەوە محەممەد ئەمین، تۆمارکردن لە بەڕێوەبەرایتی رەگەزنامە، گوتی: "کاتێک فۆڕم دێت و ئێمە لەناو سیستەم تۆماری دەکەین، تەنیا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، هەروەها زۆربەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە دێنە پێشەوە لە رێگەی ئێمێڵەوە چارەسەری دەکەین".

لەلاین خۆیەوە، عەبدوڵڵا محەممەد سەلیم، بەرپرسی پەیوەندی و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، رێنماییان بۆیان ناردوە کە لە ماوەی ساڵێکدا دەزگای چاپکردن بنێرنە شاری دهۆک، بەڵام تاکو ئێستا کە حەوت ساڵە کار دەکەن لەسەر ئەو سیتەمە ئەلیکترۆنییە دەزگای چاپکردنەکە نەگەیشتووەتە شاری دهۆک، بەوهۆیەوە کاتێک هاووڵاتی مامەڵەی پاسپۆرتەکەی تەواو دەبێت دەنرێدرێتە بەغدا لەوێدا دوو مانگ بۆ سێ مانگی پێدەچێت تا چاپ دەکرێت و دەگەڕێتەوە.