رووسیا لە سەدا 90ی قەرزەکانی لە ئەفریقا خۆشدەبێت

مۆسکۆ
مۆسکۆ

K24 - هەولێر

وڵاتانی زلهێزی ئابووری، خەریکی سەپاندنی هەژموونی خۆیانن بەسەر کیشوەری ئەفریقادا و هەریەکەیان بە رێگەی وەبەرهێنان و بازرگانی و هاوکاری بەخشین لە پێشبڕێکدان، لە دوایین هەوڵیشدا رووسیا بڕی  23 ملیار دۆلار لە قەرزەکانی وڵاتانی ئەفریقی خۆش دەبێت کە دەکاتە کۆی 90%ـی هەموو قەرزەکانی رووسیا لە کیشوەرەکەدا.

ئەفریقیا کیشوەرە دەوڵەمەندە هەژارەکە 70%ـی هەژارانی جیهان لەم کیشوەرەدا نیشتەجێن، یەک لەسەر سێی هاووڵاتیانی بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن و یەک لەسەر شەشی منداڵەکانی پێش تەمەنی پێنج ساڵی گیان لەدەستدەدەن، بەڵام خاکەکە دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی.8%ـی گازی سرووشتی، سەدا 12ـی یەدەگی نەوت، 40%ـی زێڕ و 90%ـی کڕۆم و پلاتینیۆمی جیهان لەم کیشوەرەدان، هەروەها 65%ـی خاکەکەی لەبارە بۆ کشتوکاڵ و 10%ـی سەرچاوەکانی ئاوی شیرین لە نێوخۆیدا نوێ دەبێتەوە.

رووسیا لە بوارەکانی وزە و رێگای ئاسنیندا 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی  لەم کیشوەرەدا کردووە، کە دەکاتە کۆی 1%ـی وەبەرهێنانی بیانی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەشیان نزیکەی 14 ملیار دۆلارە، کە زیاتر لە 12 ملیاری هاوردەی رووسیایە و کەمتر لە دوو ملیار دۆلار هەناردەی کیشوەرەکەیە بۆ رووسیا.

بەپێی داتاکانی رێکخراوی بازرگانی جیهانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کیشوەرەکە لەگەل یەکێتی ئەوروپادا گەیشتووەتە 275 ملیار دۆلار، هەروەها لەگەڵ چیندا 200 ملیار و لەگەڵ ئەمەریکادا 63 ملیار دۆلارە.

وڵاتانی ئەفریقیا لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2022 کڕیاری 44%ـی چەکی دروستکراوی رووسیا بوونە کە زۆرینەی بۆ میسر و جەزائیر بووە، هەروەها 36 رێککەوتنی هاوکاری سەربازی لەنێوان رووسیا و ئەفریقادا هەیە و لە چەند وڵاتێکیشیاندا بنکەی سەربازی دامەزراندWوە.