رۆژە خۆشەکەی کوردان لە تۆرۆنتۆ دەبێت

K24 – هەولێر:

فیلمی سینەمایی (رۆژێکی خۆش ـــ A Happy Day) کە لەلایەن دەرھێنەری سینەمایی کورد ھیشام زەمانەوە بەرھەمھاتووە، بە نوێنەرایەتی وڵاتی نەرویج لە ڤیستیڤاڵی سینەمایی تورۆنتۆی نێودەوڵەتیدا دەستنیشان دەکرێت بۆ خەڵاتی باشترین فیلمی جیھانی.

دەرھێنەری نەرویجی بەرەچەڵەک کورد، ھیشام زەمان بە فیلمی "رۆژێکی خۆش" لە ڤیستیڤاڵی سینەمایی تۆرۆنتۆ لە کێبڕکێ دایە بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی جھانی. فیلمی "رۆژێکی خۆش"  لە ناوچە بەفرینەکانی باکوری نەرویج وێنەگیراوە، هاوکات باس لە ژیانی سێ گەنجی خوار تەمەن 18 ساڵی دەکات کە بڕیاری دیپۆرتکردنیان دەرچووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی لەخوار تەمەن 18 ساڵییەوەن لە کەمپێکی دوورە دەستی نەرویجدا نشیتەجێ دەکرێن تا ئەو رۆژەی 18 ساڵی تێدەپەرێنن بۆ ئەوەی بنێردرێنە وڵاتەکانیان. ئەم سێ گەنجە بریار دەدەن پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی لەو کەمپە ھەڵبێن بەڵام پاش ئەوەی ھەرسێکیان دەکەونە داوی عەشقی کچێکی قژکاڵ ھەموو پلانەکانیان شکەست دەھێنن.

ھیشام زەمان یەکێکە  لە دەرھێنەرە بەناوبانگەکانی نەرویج کە بەرھەمەکانی بە پێچەوانەی سینەمای باوی ئەوروپی دیوێکی نەبینراوی ئەوروپامان بۆ دەخاتەڕوو و پرسگەلێکی گرنگ و ھەستیاری جیھانی دەورۆژێنێت، بە تایبەت سیاسەتەکانی کۆچ، سنور و ناسنامە. ھیشام ئەمجارەش لە رێگەی کاراکتەری ئاڵۆز  و کۆمیدیای رەشەوە دۆزێکی مشتومڕئامێز لە نێو سیاسەتی پەنابەرانی ئەوروپا دەورۆژێنێت کە بە دەگمەن لە نێو سینەمای باوی رۆژئاودا دەبنیرێت.

ڤیستیڤاڵی سینەمایی تۆرۆنتۆی نێودەوڵەتی بە یەکێک لە گەورەترین فێستیڤاڵە جیھانییەکان دادەنرێت، کە ساڵانە بە ئامادەبوونی نیو ملیۆن کەس بەرێوەدەچێت وا بڕیارە خولی ئەمساڵی لە 7ـی سێپتێمبەر دەستپێبکات کە 10 رۆژ دەخایەنێت. ھێشام بە تاکە دەرھێنەری کورد دادەنرێت کە لە پۆلێنی (Centrepiece)ـی ڤیستیڤاڵەکەدا فیلمەکانی وەربگیرێت ، ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی تۆرۆنتۆ بەشداربێت. ئەم پۆلێنە پێشتر بە پۆلێنی (سینەمایی ھاوچەرخی جیھانی) دەناسرا، هەروەها ئەمساڵ ناوی لێنرا پۆلێنی (Centrepiece).