ریال مه‌درید به‌هۆی ئێمباپێ له‌به‌رده‌م رووداوێكی مێژوویی دایه‌

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

ڕیاڵ مەدرید لەم وەرزەدا لە ڕووداوێکی بێ وێنەی مێژووی خۆی نزیک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری پاریس سانجێرمان هه‌یه‌.

ئیدارەی ڕیال مەدرید درێسی ژمارە 9ـی بۆ کیلیان مباپێ ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان تەرخان کردووه‌، بۆیە تا ئێستا هیچ یاریزانێک له‌ دوای رۆیشتنی كه‌ریم بێنزێما درێسەکەی نه‌پۆشیوه‌.

وە بەگوێرەی تۆڕی هه‌واڵی "دیفێنسا سێنتڕاڵ"ـی ئیسپانیا، دوای ئه‌وه‌ی وه‌رزی نوێی لالیگا ده‌ستیپێكرد، ڕیال مەدرید نزیکە لە تێپەڕاندنی وەرزێک كه‌ تێیدا درێسی ژمارە 9 بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانە شاهانەییەکەدا بە بەتاڵی جێهێشتووە.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ هەموو ئەو یاریزانانەی چەند خوله‌كێك به‌شدارییان له‌م وه‌رزه‌ كردووه‌ ناتوانن درێسەکەیان بۆ ژماره‌ 9 بگۆڕن، درێسی ژماره‌ 7 ڤینسیۆس ده‌یپۆشێت، رۆدریگۆ درێسه‌كه‌ی بۆ ژماره‌ 11 گۆڕیوه‌، لوكا مۆدریچ هاوشێوه‌ی ساڵانی رابردوو درێسی ژماره 10‌ ده‌پۆشێت، ته‌نیا درێسی ژماره‌ 9 به‌ به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌ و بۆ ئێمباپێ هه‌ڵگیراوه‌.

به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌، تەنها 5 یاریزان لە ڕیزەکانی ریال مه‌درید لەم وەرزەدا دەرفەتی وه‌رگرتنی درێسە مێژووییەکەیان هەیە به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شداریی هیچ خوله‌كێكیان له‌م وه‌رزه‌ نه‌كردووه‌، ئەوانیش بریتین لە ئاردا گولەر، فێرلاند مێندی، دانی سیبالۆس، ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا و ناچۆ فێرناندێز.

دیفێنسا سێنتڕاڵ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیال مەدرید چاوەڕێی پەیوەندییەک دەکات بۆ ئه‌وه‌ی پاریس سانجێرمان كارئاسانی بكات و نرخی كلیان ئێمباپێ پێش داخستنی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ دابه‌زێنێت بۆ ئه‌وه‌ی درێسی ژماره‌ 9ـی پێشكه‌ش بكات، ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ته‌ رووبدات چونكه‌ میدیایه‌كانی فه‌ره‌نسا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ ئێمباپێ بڕیاری كۆتایی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاریس بمێنێته‌وه‌ و هاوینی داهاتوو به‌ گرێبه‌ستێكی ئازاد رووبكاته‌ ریال مه‌درید.