سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی دهۆك كۆبووەوە

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆک بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک رایگەیاند، ئێوە لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکاندا لە هێلی پێشەوەبوون و خەڵکی کوردستان قەدریان دەزانێت و ئێوە هەمیشە لە دڵی مندان.

پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) لە شاری دهۆك، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كۆبووەوە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوون و شەونخونیی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان هەبوو و سوپاسی كردن كە ئەوان توانیویانە سەقامگیری و ئاساییشی خەڵكی كوردستان دابین بكەن. ئەوەشی خستەڕوو كە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان هەردەم لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانن و خەڵكی كوردستان قەدریان دەزانی و رایگەیاند كە ئێوە هەمیشە لە دڵی من دان.

لە درێژەی گوتەكەیدا سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها دۆزی گەلی كوردستان و ئەو هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان خستەڕوو، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لە ئەنجامدا ئیرادەی گەلی كوردستان بەسەر كۆسپ و پیلانەكاندا سەردەكەوێت.

هەروەها سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو كە پێویستە گەلی كوردستان پشت بە توانا و ئیرادەی خۆی ببەستێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان لەسەرووی بەرژەوەندیی هەموو لایەكە و دەبێت بەهۆی هەڵبژاردنەوە متمانەی گەلی كوردستان بە لایەنەكان نوێ بكرێتەوە.

0
0