لە پێش پریگۆژینیشدا رووسەکانی نزیک لە پوتن بەهۆکاری تەمومژاوی گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر

رۆژی چوارشەممە، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، لە رووداوێکدا بە هۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە تایبەتەکەی، کە لە مۆسکۆوە بەرەو سانت پترسبۆرگ دەڕۆیشت و لە نزیک گوندی کۆژنکۆنۆ، لە رووسیا گیانی لەدەستدا و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون مردوون.

لەوەتەی رووسیا لە شوباتی ساڵی 2022دا، شەڕی خۆی لە دژی ئۆکرانیا دەستپێکردووە، ژمارەیەک رووسی نزیک لە پوتن سەرۆکی رووسیا بەنهێنی کۆتاییان پێهاتووە، ئەمەش وایکردووە میدیاکانی رۆژئاوا گومانیان لەسەر کوشتنی کەسانی نزیک لە سەرۆکەکەی کرێملین هەبێت.

رۆژنامەی "لۆ فیگارو"ی فەرەنسی پرسیاری ئەوە دەکات، کە ئایا مردنی زۆرێک لە ئۆلیگارشەکانی ڕووسیا واتە "نوخبەی دەسەڵاتدار" لە هەلومەرجێکی سەیردا لە سەرەتای هێرشەکەی رووسیاوە رێکەوت بووە؟.

یەکەم کەس لەوانەی مردنەکەی نهێنی بوو، لیۆنید شولمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازپرۆم بوو کە کۆمپانیایەکی رووسییە، کە بە دەرهێنان و پرۆسێسکردن و گواستنەوەی گازی سروشتی ناسراوە.

شولمان بەرپرسی گواستنەوە بووە لە کۆمپانیای گازپرۆم ئینڤێست، کە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیای زەبەلاحی غاز بەڕێوەدەبات، هەروەها ئەو پیاوە تەمەن 60 ساڵە لە 30ی 1ی 2022، تەرمەکەی لە حەمامی کوخەکەیدا دۆزرایەوە.

رۆژێک دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دووەم بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازپرۆم، ئەلێکساندەر تیولیاکۆڤ، بەرپرسی دارایی کۆمپانیاکە، لەناکاو گیانی لەدەستدا، ئەمیش بە هەڵواسراوی لە گەراجەکەی دۆزرایەوە.

هەروەها لە 24 ئاداردا، ڤاسیلی مێلنیکۆڤ، ملیاردێری رووسی، لە شوقەکەی خۆی لە شاری نۆڤگۆرۆد لە رۆژئاوای رووسیا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەروەها تەرمی هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی کە تەمەنیان 4 و 10 ساڵان بوون، لە نزیکی خۆیەوە دۆزراونەتەوە و بە چەقۆ کوژرابوون، پاشان تۆمەتی کوشتن خرایە پاڵ مێلنیکۆڤ.

بەگوێرەی ماڵپەڕی گلاڤرێدی ئۆکراینی، کۆمپانیای ئەو ملیاردێرە لە لێواری داڕماندا بووە بەهۆی ئەو سزایانەی بەسەر ڕووسیادا سەپێنراوە.

هەروەها پرسیار لەبارەی بارودۆخی مردنی ڤلادیسلاڤ ئاڤایێڤ، جێگری پێشووی سەرۆکی کۆمپانیای گازپرۆمبانک، یەکێک لە گەورەترین قەرزدەرەکانی رووسیا کە پەیوەندی بە گازپرۆمەوە هەیە، هەروەها بەرپرسێکی باڵای پێشووی کرێملین بووە.

لە 18ی نیسانی 2022، ئۆلیگارشی تەمەن 51 ساڵ لە شوقەکەی خۆی لە مۆسکۆ بە مردوویی دۆزرایەوە، لە تەنیشت تەرمی هاوسەرە دووگیانەکەی و کچە 13 ساڵانەکەی، کە فیشەک بەسەر لاشەیانەوە بووە. کە ئەوانەی باسکراون هەموویان نزیکی پوتن بوونە.

لە 19ی نیسان، سێرگی پرۆتۆچینی ملیاردێری رووسی تەمەن 53 ساڵ، لەگەڵ هاوسەرەکەی و کچە تەمەن 18 ساڵانەکەی لە ماڵێکدا لە هاوینەهەواری لۆرێت دی مار لە ئیسپانیا بە مردوویی دۆزرایەوە، کە پشوویان هەبووە.

ئەو ملیاردێرە ڕووسییە لە باخچەی ڤێلاکەیدا بە دارێکەوە هەڵواسرابوو، هاوکات ژن و کچەکەی بە چەقۆ کوژراون، هەروەها چەکی خوێناوی و چەقۆیەکیش لە شوێنی رووداوەکە دۆزرایەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا، لێکۆڵەران گومانیان لەوە کردووە، ئەو بازرگانە ژن و کچەکەی لە کاتی خەوتندا کوشتبێت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەبارەت بە یوری ڤۆرۆنۆڤ، ئەو بازرگانێکی تەمەن 61 ساڵەی رووسی بووە و سەرۆکایەتی کۆمپانیایەکی هاوبەشی گروپی گازپرۆمی کردووە، هەروەها لە 4ی تەمموزدا لە مەلەوانگەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە سانت پترسبۆرگ بە مردوویی دۆزرایەوە و فیشەکێکی بەسەرییەوە بووە.

ئەلێکساندەر سوبۆتین، کارگێڕی باڵای پێشووی گرووپی نەوتی لوکۆیلی رووسی کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی رووسیایە، ڕۆژی 19 ئایار کۆچی دوایی کرد.

ئەو پیاوە تەمەن 43 ساڵە بە سەرخۆشیەوە چووە لای ساحیرێک کە دەیناسێت بە ناوی ماگوا فلۆریس لە جەرگەی مۆسکۆ، ئەو ساحیرەش پێستی بڕیوە تا ژەهری بۆقی تێکردووە و بووەتە هۆی جەڵتەی دڵ و مردووە.

سەبارەت بە ئیڤان پێچۆرین تەمەن 39 ساڵ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گەشەپێدانی رۆژهەڵاتی باکووری رووسیا بووە، هەروەها لەلایەن پوتنەوە راسپێردرابوو بۆ باشترکردنی سەرچاوەکانی وزە و کانگا لە رۆژهەڵاتی رووسیا، بۆ بەرپەرچدانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان لەدوای شەڕی ئۆکرانیا.

بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیل، لە 10ی ئەیلولدا تەرمەکەی لە دەریای ژاپۆن لە رۆژهەڵاتی رووسیا دۆزرایەوە، دەوترێت لە بەلەمێکی کەشتییەوە کەوتۆتە ناو دەریاوە و نەیتوانیوە مەلە بکات و خنکاوە.

میدیاکانی رووسیاش دەڵێن، ئەو کەسە سەرخۆش بووە کاتێک کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە.

سەبارەت بە ئاناتۆلی گێراشچێنکۆ تەمەن 72 ساڵ، شارەزا و زانای ناوداری رووسی لە بواری فڕۆکەوانیدا، لە 21 ئەیلولدا، بە گوتەی خاوەنکارەکەی، لە بارودۆخێکی گوماناویدا کۆچی دوایی کردووە.

دیمیتری زێلینۆڤ گەورە بازرگانێکی رووسییە لە بواری خانووبەرەدا، لە دەوروبەری نیوە شەوی 9ی کانوونی دووەمدا، دوای نانخواردنی ئێوارە لەگەڵ هاوڕێکانی لە ئەنتیب، دەوترێت لەسەر پلیکانەکان بەربووەتەوە و مردووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئیتاڵیا، زێلینۆڤ رەخنەی لە هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا گرتبوو.

ماڵپەڕی نیوزویک، حاڵەتێکی دیکەی مارینا یانکینا، بەرپرسێکی بەرگری رووسیا بڵاوکردەوە، کە دوای ئەوەی لە پەنجەرەیەکەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی دۆزرایەوە.

یانکینا سەرۆکی بەشی پاڵپشتی دارایی وەزارەتی بەرگری رووسیا بووە لە ناوچەی سەربازی رۆژئاوا لە شاری سانت پترسبۆرگ.

پۆلیس تەرمی یانکینای لە ژێر پەنجەرەی باڵەخانەیەکی بەرز لە شەقامی زامشینا لە ناوچەی کالینینسکی لە شاری سانت پترسبۆرگ دۆزیەوە.

سەبارەت بە پاڤێل ئەنتۆڤ، سیاسەتمەدارێکی رووسی کە ڕەخنەی لە هێرشەکەی پوتن بۆ سەر ئۆکرانیا گرت، دوای ئەوەی لە پەنجەرەیەکەوە لە هیندستان کەوتە خوارەوە، لە 25ی کانوونی دووەمی 2022 بە مردوویی دۆزرایەوە.

ئەوانەی بە هۆکاری تەمومژاوی مردوون هەموویان پلە و پۆست و بازرگانی نزیک لەسەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پۆتن بوون، کە رۆژئاوا گومان لە مردنی ئەوکەسانەدەکات.​