بەریتانیا رێکاری نوێ بەرامبەر پەنابەران دەگرێتەبەر

K24 – لەندەن

حکومەتی بەریتانیا رێکاری نوێ بەرامبەر پەنابەران دەگرێتەبەر، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ئەو رێکارانە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە قەڵەم دەدەن.

دلۆڤان عیمادەدین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا چەند رێکارێکی نوێ بەرامبەر پەنابەران دەگرێتەبەر و بڕیاریداوە بازنەیەکی ئەلیکترۆنی دروست بکات، ئەو ئامێرە بە پەنابەران دەبەسترێتەوە، بۆ ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا زیاتر ئاگاداری جوڵەی پەنابەران بێت کە بۆ کوێ دەڕۆن و چی دەکەن، هەروەها مەبەستیانە ژمارەی دروستی پەنابەران بزانن.

گوتیشی: "دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەگەر پەنابەران بچنە هەر شوێنێک ئەو بارکۆدەی لەسەر بازنەکەیان هەیە لێبدرێت هەموو زانیارییەکان دیاردەکەوێت".

پەیامنێرمان لە لەندەن راشیگەیاند، دوای ئەو بڕیارە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە، کە ئەمە پێشێلکردنی مافی پەنابەرانە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رژدە لەسەر بڕیارەکە و دەیەوێت بە جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە کەمتر پەنابەر روو لە بەریتانیا بکەن.

روونیکردەوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بە بڕی ملیۆنێک و 600 هەزار پاوەند گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە، بۆ ئەوەی ئەو بازنەیە بۆ پەنابەران دروست بکات.

دلۆڤان عیمادەدین، ئەوەشی خستەڕوو، پێشتریش ئەو جۆرە بازنەیە لە بەریتانیا هەبووە، بەڵام دەخرێتە پێی ئەو کەسانەی کە کەفالەت رزگار دەکرێن، سنووریان بۆ دیار دەکرێت و ناتوانن لەو سنوورە زیاتر بڕۆن، بەڵام ئەو بڕیارە دژی پەنابەران، بووەتە مایەی نیگەرانی لای پەنابەران و وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.

باسی لەوەشکرد، رەنگە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دوو ئامانجی هەبێت لە دەرکردنی ئەم بڕیارە، جگە لە چاودێریکردنی پەنابەران کە رێگرییان لێدەکات ئیشی رەش بکەن، هاوکات دەیەوێت چیتر کۆچبەران روو نەکەنە وڵاتەکە.