رووسیا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی مردنی پریگۆژینی راگەیاند

K24 - هەولێر

لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی رووسیا ئەمرۆ یەکشەممە رایگەیاند، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان ناسنامەی ئەو کەسانە پشتڕاست دەکەنەوە کە لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەدا لەگەڵ سەرۆکی گروپی ڤاگنەردا گیانیان لەدەستداوە و ناسنامەیان لەگەڵ ئەو ناوانەدا دەگونجێت کە لە لیستی فڕۆکەکاندا هەیە.

 لیژنەکە لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە دەڵێت " تاقیکردنەوە بۆماوەییە گەردیلەییەکان" سەلماندوویەتی کە ناسنامەی ئەو 10 کەسەی کە تەرمەکانیان لە شوێنی پاشماوەکەدا دۆزراونەتەوە لەگەڵ لیستی سەرنشینان و ئەندامانی تیمەکەدا دەگونجێت، کە ناوی پریگۆژینی تێدایە.

لیژنەی لێکۆڵینەوە، مردنی سەرۆکی گروپی چەکداری ڤاگنەر یەڤگینی پریگۆژینی پشتڕاستکردەوە، کە ئەمڕۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی راگەیاند.

وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، 10 کەس بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی تایبەت لە ناوچەی تڤەر لە باکوری مۆسکۆ گیانیان لەدەستداوە کە فەرماندەی گروپی سەربازی تایبەتی ڤاگنەر یەڤگینی پریگۆژینی تێدابووە.