سوودانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری شەهیدبوون و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی کەرکووک پێکدەهێنێت

محەممەد شیاع سوودانی
محەممەد شیاع سوودانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری شەهیدبوون و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی کەرکووک.

رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی لە رووداوەکانی ئەمڕۆی پارێزگای کەرکووک.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمی هەموو ئەوانە کردووەتەوە کە لە رووداوەکانی ئەمڕۆی کەرکووک رۆڵیان هەبووە و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە بۆ وەگرتنی سزای خۆیان.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێریان کرد کە ماوەی پێنج رۆژە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان داخراوە.

لە درێژەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بە ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و بەپێی دوایین ئامارەکان دوو شەهید و شەش بریندار لە ریزی خۆپیشاندەرانی کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و مانگرتووانی سەر بە حەشدی شەعبی هەن.

دوای ئەوەش بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری کەرکووک راگەیەندرا و لە راگەیەندراوێکدا وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەسەڵاتی بە هێزە ئەمنییەکان داوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنن، کە ئەمەش خۆپیشاندەرانی کەرکووکی زیاتر توڕە کردووە بە لایەنگری بۆ لایەنەکانی دژ بە کورد لە کەرکووکی وەسفدەکەن.