کارگەیەکی بچووکی چوار ئافرەت بازاڕێکی فراوانی لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان گرتووە

K24 - هەولێر

چوار ئافرەت لە پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوبەشی کارگەیەکی بچووکی شیرەمەنییان دامەزراندووە و بەرهەمەکانیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێران دەفرۆشنەوە. بەشێکی بەرهەمەکانیشیان دەنێرنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و دەشڵێن بەرهەمەکانیان خواستێکی باشی لەسەرە.

کارگەکەی ئەو چوار خانمە هەرچەندە بچووکە، بەڵام بازاڕێکی فراوانی لە ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستانیش گرتووەتەوە، سێ ساڵە هەموو جۆرە بەرهەمێکی شیرەمەنی لەوانە شیر، ماست، پەنیر، شیرێژ، ڕۆنی کەرە و ڕۆنی زەنگی تێدا بەرهەم دەهێنن و بێجگە لە شارەکەی خۆیان، بۆ شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بۆ هەرێمی کوردستانیشی دەنێرن. خواستێکی زۆریش لەسەر بەرهەمەکانیان هەیە.

فەریدە عەزیزی کە خاوەنی کارگەکەیە دەڵێ "یەکەم کارگەیە لە پیرانشار تەنیا خانمان کاری تێدا دەکەن، هەموو جۆرە شیرەمەنییەک دروست دەکەین، بەرهەمەکانمان جیا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکیشی بۆ هەرێمی کوردستانیش دەنێرین"

خانمانی دامەزرێنەری ئەم کارگەیەش دەڵێن، ویستوویانە بۆ دەستباریی باری قورسی ژیان هاوکاریی پیاوەکانیان بکەن و بیریان لەوە کردووەتەوە لە ناوچە کوێستانییەکەیان شیری باش و خاوێن بەرهەم دێت، بۆیە ئەم کارگەیەیان دامەزراندووە و بە شێوەیەکی نوێ و خاوێن و پێشکەوتوو بەرهەمەکانی شیرەمەنی بەرهەم دێنن.

کارەکەی ئەو چوار ئافرەتە هەڕمێنی پەیدا کردووە، بەڵام کارگەکەیان بچووکە، ئەگەر پێشینەی بانکییان پێ بدرێت و پشتگیریی بکرێن، دەتوانن کارگەکەیان گەورەتر بکەن و هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە ئافرەتانی شارەکەیان بڕەخسێنن، بەڵام تا ئێستا حکوومەت هاوکاریی نەکردوون.

فەریدە عەزیزی دەشڵێت "لە دابونەریتی کۆنی کوردەواریدا هەر وابووە ئافرەتانیش هاوشانی پیاوان کاریان کردووە، هەروەها زێدی ئێمە بەهۆی ئەوەی ناوچەکی کوێستانە و شیری باشی تێدایە، ئەمە هاندەر بوو بۆ ئەوەی پرۆژەیەکی وەها دابمەزرێنین و کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمە شیرەمەنیانەی لە گوندەکان بەرهەم دەهێنرێن، لێرە لەم کارگەیە، بە بڕێکی زیاتر و باشتر و پاکتر بەرهەمی بێنین"

کانیاو پیرانشاری خاوەنی کارگەکە " تایبەت بوونی بەرهەمەکانمان وای کردووە خواستێکی زۆریان لە سەر بێت، هەرچەندە کارەنمان قورسیش بێت بەڵام کۆڵمان نەداوە و هاوشانی پیاوان کار دەکەین و هەنگاو بەرەو پێش دەنێین"

لە مێژووی کوردەواریدا ئافرەتان شان بە شانی پیاوان کاریان کردووە و لە دابینکردنی بژیو و ئابووریی خێزانەکانیاندا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە. لە سەردەمی نوێشدا ئافرەتانی کوردستان هەر هەلێکی کاریان بۆ ڕەخسابێت، دەستیان داوەتێ و لە سەختیی کار نەپرینگاونەتەوە و بە هێزی کار و بیری داهێنەرانەیان پەرەیان بە ئابووری وڵات و خێزانەکەیان داوە.