ئۆکرانیا: زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیامان لە ئۆدێسا خستووەتە خوارەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند کە 22 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیایان لە ناوچەی ئۆدێسای باشوور تێکشکاندووە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە پلاتفۆڕمی تێلێگرامی خۆی رایگەیاندووە: هێزەکانی رووسیا لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتەوە چەندین هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری شاهید ئەنجام داوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رووسیا بە 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری شاهید کە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراون هێرشیان کرد، بەڵام هێزی ئاسمانی 22 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە، بە هاوکاری بەرگری ئاسمانی پێکهاتەکانی دیکەی ناو هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا.

دوای شکستهێنانی رێککەوتنێک بەنێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەرەنتی کردنی تێپەڕاندنی سەلامەتی باری دانەوێڵە لە دەریای ڕەشەوە، ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ئۆدێسا و میکۆلایڤ لە باشووری ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە، کە بەندەرەکان و ژێرخانی گرینگی هەناردەکردنی دانەوێڵەی تێدایە.

مانگی ڕابردوو یەکەم کەشتی بارهەڵگری مەدەنی کە لە ئۆکرانیا بە دەریای ڕەشدا تێپەڕیوە، گەیشتە ئەستەنبوڵ.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی شەممە رایگەیاند، دوو کەشتی دیکەی دانەوێڵە لە رێڕەوی کاتی لە دەریای ڕەش سنووری وڵاتەکەیان تێپەڕاندووە.