زیلێنسکی وەزیرێکی نوێی بەرگری بۆ وڵاتەکەی دیاری کرد

روستەم ئۆمیرۆڤ،  وەزیری نوێی بەرگری ئۆکرانیا
روستەم ئۆمیرۆڤ، وەزیری نوێی بەرگری ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، سیاسەتمەدار روستەم ئۆمیرۆڤی وەک وەزیری نوێی بەرگری راگەیاند، بۆ جێگرتنەوەی ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە شەڕی رووسیا دەچێتە مانگی نۆزدەهەمی خۆیەوە.

ڕوستەم ئۆمیرۆڤ، تەتارێکی کرێمیایە کە لە ساڵی رابردووەوە سەرۆکایەتی سندوقی موڵکداری وڵات دەکات.

روستەم ئۆمیرۆڤ کێیە؟

ئۆمیرۆڤ تەمەن 41 ساڵ، لە مانگی ئەیلولی 2022ەوە سەرۆکایەتی سندوقی موڵکداریی ئۆکرانیا دەکات و رۆڵی هەبووە لە کۆمەڵێک دانوستانی هەستیاری سەردەمی جەنگدا، لەنێویاندا دانوستانەکانی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە سەرانسەری دەریای ڕەشدا.

روستەم ئۆمیرۆڤ لە 19ی نیسانی ساڵی 1982 لە شاری بۆلۆنگور لە هەرێمی سەمەرقەند لە کۆماری ئۆزبەکستان لە بنەماڵەیەکی کۆچبەرانی شاری ئالوشتە کە دەکەوێتە کەنارەکانی باشووری کۆماری کرێمیا لە دایک بووە و موسڵمانە بە ڕەچەڵەک تاتارە. روستەم تاکە منداڵی ئەو خێزانە نییە، برایەکی هەیە بە ناوی ئەسلان عومەر کەرەملی.

روستەم لە قوتابخانەی بەشەناوخۆیی کرێمیا بۆ منداڵانی بەهرەمەند لە کۆماری کرێمیا دەرچووە، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئابووری و ماستەر لە دارایی لە ئەکادیمیای نیشتمانی بەڕێوەبردن. لە ئەمەریکا لە ژێر پرۆگرامی ئاڵوگۆڕکردن خوێندوویەتی.

پیشە و بازرگانی

دوای تەواوکردنی زانکۆ، دەبێتە دامەزرێنەری "سندوقی گەشەپێدانی کرێمیا" و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەشداری ئەم پڕۆژە کۆمەڵایەتی و سیاسییە دەکات، لەو ماوەیەدا مستەفا جەملێڤ دەناسێت و ئاشنابوونیان بووە هۆی ئەوەی روستەم ببێتە یاریدەدەری جەملێڤ.

لە ساڵی 2004 تا 2010 روستەم چەندین پۆستی باڵای لە کۆمپانیای مۆبایل لایفسێڵ وەرگرتووە و لە ساڵی 2007دا ئومیرۆڤ ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی بە ناوی "هاوکاری تاتاری کرێمیا"ی دامەزراندووە.

وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی تاتارەکانی کرێمیا و جێگری ئۆکراینی مستەفا جەمیلیڤ کاری کردووە.

لە ساڵی 2019 روستەم ئۆمیرۆڤ خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئۆکرانیا کاندید کرد بۆ پارتی "دەنگ" بە سەرۆکایەتی سڤیاتۆسلاڤ ڤاکارچوک، سەرکەوتوو بوو و بوو بە جێگر لە خولی نۆیەم.

لە بەهاری ساڵی 2022 روستەم ئۆمیرۆڤ کە ئەوکات جێگر بوو، بوو بە ئەندامی شاندی ئۆکرانیا کە بەشداری چەند خولێکی دانوستان لەگەڵ رووسیادا کرد. ناوبراو لە دانوستانەکانی بێلاڕووس و لە قۆناغی وتووێژەکانی ئیستانبوڵ ئامادە بوو.

لە 7ـی ئەیلولی 2022، ڕادای ڤێرخۆڤنا، ڕوستەم ئومیرۆڤی وەک سەرۆکی نوێی سندوقی موڵکداری ئۆکرانیا دەستنیشان کرد.