جۆرج بۆش رووداوێکی نێوان خۆی و سەرۆکی ڤاگنەر دەگێڕێتەوە

K24 - هەولێر

چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە هاتە بەرچاوی جۆرج بۆش سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا دوای ئەوەی وێنەیەکی کۆنی بینی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لوتکەی گروپی هەشت لە رووسیا، کە 17 ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی رۆژنامەی "The Hill"، جۆرج بۆش یەکەم رووداوی خواردنی ژەمی ئێوارەیەکی وەبیر خۆی هێنایەوە، کە لەلایەن یەڤگنی پریگۆژین سەرۆکی ڤاگنەر لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی هەشت لە رووسیا پێشکەشکرابوو، بە گاڵتەجاڕیەوە گوتی، لەو ژەمە خواردنە رزگاری بووە.

کاتێک لە لوتکەی ساڵانەی ستراتیژی ئەوروپای یاڵتا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا مردنی پریگۆژین لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا لە مانگی رابردوو شۆک بووە، جۆرج بۆش لە وەڵامدا گوتی: "نەخێر، ئەوەی بۆ من شۆک بوو ئەوە بوو کە چەند رۆژێک لەمەوبەر وێنەیەکی لوتکەی گروپی هەشتم بینی لە سانت پترسبۆرگ." "پریگۆژین ئەو پیاوە بوو کە خواردنی پێشکەش کردم، ئەو چێشتلێنەری سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتن بوو".

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێک لەوانەی ئامادەبوون گوتی باشە، ئایا ئەوت لەبیرە؟'

بۆش لە مانگی تەمموزی 2006 لە لوتکەی گروپی هەشت لە سانت پترسبۆرگی رووسیا بەشداری کرد و لەوێ کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ پوتن ئەنجامدا.

پێشتر لە ساڵی 2001 چاوی بە پوتن کەوتبوو، دواتر گوتی: "سەیری چاوەکانی ئەو پیاوەم کرد، بۆم دەرکەوت کە زۆر راشکاوانە و متمانەپێکراو بوو".

پریگۆژین کە یەکێک بوو لە هاوکارە نزیکەکانی پوتن و بوو بە خیانەتکار، دوای دوو مانگ لە فەرمانکردن بە هێزەکانی بۆ رووخاندنی سەرکردایەتی سەربازیی رووسیا لەرووداوێکی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەدا لەگەڵ نۆ کەسی دیکە کوژرا، ئەمەش چاودێران بە گەورەترین تەحەدای دەسەڵاتی پوتنیان دەزانی لە دوای هاتنە سەرکاری ئەو سەرۆکەی رووسیا.