سبهی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دهگاته ئێران
شاندی یانەی نەسڕی سعوودیه سبهی دووشهممه لەژێر چاودێری تیمێکی ئەمنی وڵاتەکەیان، دهگهنه شاری تاران و هیچ کەسێکیش بۆی نییە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نزیک بێتەوە.
یانەی نەسڕی سعوودیه سبهی دووشهممه بە مەبەستی رووبەڕوو بونەوەی یانەی پێرسپۆلیس لە گەڕی یەکەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بە فرۆکەیەکی تایبەت گەشتی ئێران دهكهن.
ماڵپەری وەرزشی 3ـی ئێرانی بڵاوکردەوە، تیمێکی ئەمنی تایبەتی سعوودیه چاودێری شاندی یانەی وڵاتەکەیان دەکات. هەروەها سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت وێنە یاخود واژۆ لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگالی ئەو یانەیە بگرێت.
شاندی یانەی نەسڕی سعوودیه سبهی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ دەگاتە شاری تاران، کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەش کاتژمێر 04:45 خولهك بە کاتی هەولێر دەست پێدەکات، تاوەکو ئەم ساتە دیار نییە راهێنەری یانەکە لەگەڵ کام یاریزان بەشداری کۆنفڕانسەکە دەکات، بەڵام دەنگۆیەک هەیە دۆن لەگەڵ راهێنەری یانەکە بەشداریی بکات.
سەرچاوەکانی نێوخۆیی ئێران باس لەوە دەکەن شاندی یانەی نەسڕ چەند کاتژمێر دوای یارییەکە، راستەوخۆ شاری تاران جێدێڵن و دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
یانەی پێرسپۆلیس بەهۆی سزادانی لەلایەن لیژنەی تەمبێکاری فێدراسیۆنی ئاسیا، ئەویش بەهۆی سکاڵای یانەیەکی هیندی دوو وەرز لەمەوبەر، لەم یارییە بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی رووبەڕووی یانەی نەسڕی سعوودی دەبێتەوە.