کەی سزای سەرپێچی شۆفێران دووهێندە دەکرێت؟

کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕۆیی
کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕۆیی

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە رۆژی 28-02-2024 بەدواوە، هەر سزایەک لەسەر شۆفێران تۆماربکرێت و لەماوەی 30 رۆژ (مانگێکدا) نەدرێتەوە، دووهێندە دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، بە گوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی شەش مانگ (لە 28-08-2023ـەوە تا 28-02-2024)، لە سەدا 20ـی سزاکانی هاتووچۆی هاووڵاتییان خۆش دەبێت، واتا ئەگەر کەسێک یەک ملیۆن دینار سزا درابێت، 200 هەزار دینار لێخۆشبوون دەبێت و 800 هەزار دینار دەدات.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو بڕیارەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە "بۆ هاوکاری و دەستگیری هاووڵاتییانە نەک بۆ پشتشکاندنی هاووڵاتییان؛ هاوکات بۆ هاندانیانە بۆ ئەوەی سەرپێچی نەکەن".

لەبارەی زیادکردنی بڕی سزاکە، فازڵ حاجی گوتی، "ئەو سزایەی ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆوە تۆمارکراوە، نەک مانگێک، بەڵکوو ساڵێکیش بەسەریدا تێپەڕێت هەرهێندەی خۆی دەبێت و زیاد ناکرێت؛ بەڵام دوای تەواوبوونی ئە وادەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە راگەیەندراوە، واتا لە رۆژی 28-02-2024 بەدواوە، هەر سزایەک بەهۆی سەرپێچییەوە لەسەر هاووڵاتی تۆماربکرێت و لە ماوەی مانگێکدا نەیداتەوە، دووهێندە دەکرێت".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەپڵیکەیشنێک بۆ شۆفیران دروستدەکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی سزادانیان ئاگاداربکرێنەوە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەپڵیکەیشنەکە 'بێ بەرامبەر' دەبێت و لەرێگەی بەکارهێنانییەوە هاووڵاتییان دەتوانن بزانن کەی و لە کوێ سەرپێچییان کردووە و بە چەند بڕە پارە سزادراون.