تورکیا هۆشداری دەداتە بافڵ تاڵەبانی

وەزیری بەرگری تورکیا: دەبێت بافڵ تاڵەبانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت
بافڵ تاڵەبانی
بافڵ تاڵەبانی

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری تورکیا رایدەگەیەنێت: بەردەوام هۆشداری بە بافڵ تاڵەبانی دەدەین و داوای لێ دەکەین واز لە پشتگیریی کردنی پەکەکە بهێنێت.

یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا دەربارەی زیادبوونی هەماهەنگییەکانی پەکەکە لە سلێمانی، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی میللەتی تورکیا و دەڵێت: "بەردەوام هۆشداری بە بافڵ تاڵەبانی دەدەین واز لە پشتگیری کردنی پەکەکە بهێنێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو رێکخراوە بپچڕێنێت، ئەگەر نا رەوشی داهاتوو لە بەرژەوەندی سلێمانی نابێت".

یاشار گولەر، گوتیشی: "چاودێری جموجۆڵه‌كانی یەکێتی دەکەین و تێبینییەکانی خۆشمان بە عێراق و پارتی دەدەن".

وەزیری بەرگری تورکیا جەختیش دەکاتەوە، ئەوان چەندین جار هۆشدارییان بە یەکێتی داوە، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی پەیوەندییەکانیان بە تەواوی لەگەڵ یەکێتی پچڕاندووە.

ئەمە دوای ئەوە دێت رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023)، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی، سێ کارمەندی دژەتیرۆری یەکێتی گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون. وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش دەڵێت: "دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە و یەپەگە لە فڕۆکەخانەکە مەشق و راهێنانیان کردووە".

دوای رووداوەکە (19ـی ئەیلوولی 2023)، لەبارەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "پەکەکە چالاکییەکانی بە درێژایی ناوچەکانی باکووری عێراق چڕکردووەتەوە و تورکیاش لە نزیکەوە چاودێری جووڵە و چالاکییەکانیان لەنێوان عێراق و سووریادا دەکات".

راشیگەیاند، بۆیان روونبووەتەوە، "گرووپی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی، لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە/یەپەگە مەشق و راهێنانیان کردووە، لەوکاتەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ئەنجامدراوە".

پێشتریش حکومەتی تورکیا رایگەیاندبوو، لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە هاوکاری هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە دەکرێت، بەوهۆیەشەوە رۆژی (3ـی نیسانی 2023)، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و دواتریش ئەو بڕیارەی درێژکردەوە.

چەندین جار بەرپرسانی پەکەکە و یەپەگە لە سنووری سلێمانییەوە بە درۆن لەلایەن تورکیا کراونەتە ئامانج، لە 7/4/2023، تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روویدا، پاش رووداوەکەش راگەیەندرا هێرشی درۆنی بووە، رۆژێک دوای رووداوەکە ئاشکراکرا کە ئەو هێرشە بۆ بە ئامانج گرتنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.

لە سەرەتای رووداوەکەدا هەسەدە رەتیکردەوە کە مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بووبێت، بەڵام دواتر رایانگەیاند، کە بۆ پاراستنی گیانی ئەو زانیاری هەڵەیان بڵاوکردووەتەوە، پشتڕاستیان کردەوە لە کاتی هێرشەکە مەزڵوم عەبدی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووە.