عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵبژێردرا

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز

K24 – هەولێر

لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە رابەری گشت بزووتنەوە هەڵبژێردرا.

پەیامنێری کوردستان24، لە شوێنی کۆنگرە رایگەیاند، بە 983 دەنگ بە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی دامەزراندنی لە شاری سلێمانی بەست، هەر یەک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی کاندید بوون بۆ رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، بەڵام بەهۆی کێشەی نێوانیان کامیل حاجی عەلی بایکۆتی کۆنگرەی کرد و دواتر لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی بزووتنەوەی ئیسلامی رایانگەیاند، حزبێکی دیکە بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان رادەگەیەنن.

نزیکەی دوو ساڵە کێشە کەوتووەتە نێوان باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و باڵی کامیل حاجی عەلی، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە رۆژی 5ی شوباتی 2022 بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی 12ـەمینی خۆی لە شاری هەولێر بەست، لە کۆنگرەکەدا تەنیا کامیل حاجی عەلی کاندید بوو بۆ رابەری بزووتنەوەکە، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، دواتر کامیل حاجی عەلی ناڕەزایەتی دەربڕی و رۆژی (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو رابەری بزووتنەوەکەیە و کارەکانی کۆنگرە پێشێلکاری تێدا بووە، دواتریش لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایانگەیاند، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 هەڵوەشاوەتەوە.

ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی بەردەوام بوون و لە کۆنگرەی دامەزراندنیش ململانێکانی هەردوو باڵەکە چڕبووەوە، تا بە جیابوونەوەی باڵەکەی کامیل حاجی عەلی کۆتاییهات.

هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا بزووتنەوەی ئیسلامی 12 کۆنگرەی بەستووە، بەڵام بەپێی یاسا و رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەبێت هەموو حزبێک کۆنگرەی دامەزراندن ببەستێت، بۆیە بزووتنەوە ئێستا کۆنگرەی دامەزراندن دەبەستێت.