یەکێتی مامۆستایانی کوردستان: دەبێت زۆرترین وەبەرهێنان لە پڕۆسەی پەروەردە و مامۆستایان بکرێت

لۆگۆ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
لۆگۆ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

K24 – هەولێر:

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەبۆنەی 5ـی 10 رۆژی مامۆستایانی جیهانی و 6ـی 10  رۆژی مامۆستایانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لەو رێگەیەوە کۆمەڵێک داواکارییان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە (4ـی تشرینی یەکەمی 2023)، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی مامۆستایانی جیهانی و مامۆستایانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایانی جیهان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەکەن، رۆڵی مامۆستایان لە پێگەیاندنی نەوەکانی گەلی کوردستان بەرز دەنرخێنن.

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردەوە، لەو یادەدا بە پێویستی دەزان ئەو هەلە بقۆزنەوە و کۆمەڵێ داواکاری و مافی رەوای مامۆستایان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، داواکاریەکانیشیان بریتین لە، دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە شێوەی مانگانە لە کاتی خۆیدا، هەروەها چارەنووسی ئەو مووچە پاشەکەوتکراوانە یەکلابکرێتەوە ئەوەیش بە کردنەوەی هەژماری تایبەت و شێوازی دانەوەی دیاریبکرێت.

هەروەها یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، داواکارن بە دامەزراندنی مامۆساتایانی وانەبێژ بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە لە میلاکی مامۆساتایان دروستبووە، هەروەها پێداچوونەوە بە یاسای خانەنشینی بکرێت، یان هاوتای یاساکەی حکومەتی مەرکەزی بێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوای پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات کە لە ساڵی 2015ـەوە راگیراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا یەکیتی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەشکردووە، پێویستە مامۆستایان مووچە و شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت و فشاری زیاتر بخرێتەوە سەر حکومەتی مەرکەزی و چیدیکە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران تێکەڵ بە کاری سیاسی نەکرێت.

هاوکات یەکێتی مامۆستایانی کوردستان سوپاسی پشوودرێژی و خۆڕاگری مامۆستایانی کوردستان دەکات، کە سەرباری دواکەوتنی مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و ئاڵنگاری و پێشهاتە نەخوازراوەکانی بارودۆخی کوردستان بەردەوامبوونە لە بەجێگەیاندنی ئەو بەرپرسیاریەتییەی کە لەسەر شانیان بووە بۆ راپەڕاندنی ئەرکە پەروەردەییەکانیان.

س