رووسیا و ئێران بازاڕی تورکیا وەک رێگایەک بۆ بەدەربازبوون لە سزاکانی رۆژئاوا بەکاردەهێنن

ز
ز

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "نۆردیک مۆنیتەر" زۆر لە کۆمپانیاکانی رووسیا و ئێران لە تورکیا وەبەرهێنان دەکەن، بۆ ئەوەی لە سزاکانی رۆژئاوا رزگاریان بێت.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رووسیا و ئێران بازاڕی تورکیا وەک رێگایەک بۆ بەدەربازبوون و کەمکردنەوەی سزاکانی رۆژئاوا بەکاردەهێنن. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت بوونی کاری بازرگانی رووسیا و ئێران لەو وڵاتە، گرژیی زیاتر لەنێوان تورکیا و رۆژئاوا دروست بکات.

لە 22ی ئەیلوولدا داتاکانی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی تورکیا و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان دەریخست، کە لە ساڵی 2019ەوە، رووسییەکان 592 کۆمپانیای نوێیان لە تورکیا دامەزراندووە، هەروەها لەهەمان ماوەدا ئێرانییەکان 515 کۆمپانیای نوێیان دامەزراندووە.

رووسییەکان لە پلەی یەکەمی ریزبەندی ئەو وەبەرهێنەرە بیانییانەی کە کۆمپانیای نوێیان لە بازاڕی تورکیا دامەزراندووە دێن.

لە بەرامبەردا بازرگانانی ئەڵمانیا کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی تورکیایە و نزیکەی سێ ملیۆن کۆچبەری تورکیاش لەو وڵاتەدا دەژین، لە هەمان ماوەدا تەنها 212 کۆمپانیایان دامەزراندووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رووسیا بەدوای دۆزینەوەی رێگەی بازرگانی بەدیلدا بووە، بۆ پاراستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەدوای ئەو گەمارۆیە بازرگانییانەی کە رۆژئاوا بە هۆی هێرشەکەی سەر ئۆکرانیا بەسەریدا سەپاندووە.

هاوردەی تورکیا لە رووسیا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، کە لە ساڵی 2021 و 2022دا لە 28.9 ملیار دۆلارەوە بۆ 58.8 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی ساڵانەیە بە رێژەی 104%.

لە ساڵی 2022 تورکیا بە بەهای 9.3 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی رووسیا کردووە، ئەمەش بە بەراورد بەو ژمارەیەی ساڵی پێشوو زیاد بووە، کە 5.8 ملیار دۆلار بووە.

هەناردەی تورکیا بۆ ئێران لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا سەقامگیری ڕێژەیی پاراستووە و بە بەردەوامی ساڵانە لە نێوان دوو بۆ سێ ملیار دۆلاردایە.