بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو بانکانەی رێگری دەکەن لە راکێشانی دۆلار

بانکی ناوەندیی عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق

K24 – هەولێر:

بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری دەداتە سەرجەم بانکە مۆڵەتدراوەکان کە بەدەم داواکاری هاوبەشەکانیان بکەن بۆ رەخساندنی دەرفەتی راکێشانی دۆلار لە هەژماری بانکەکانیان کە پێشتر بەشێوەی نەختینە لە هەژمارەکانی خۆیان دایانناوە.

رۆژی یەکشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2023) بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا ئاراستەی سەرجەم بانکەکانی کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە هەموو بانکەکان رەچاوی ناوەندەکانی دراوی بیانی رێگەپێدراو بکەن بەپێی رێنماییە کارپێکراوەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە کورتهێنان بۆ جێبەجێکردنی داواکاری هاووڵاتییان بۆ راکێشانی دۆلار لە هەژمارەکانیان کە پێشتر بەشێوەی نەختینەی دۆلار لە بانک دایانناوە.

بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری داوەتە بانکەکان لە ئەگەری بوونی سکاڵای زۆری هاووڵاتییان لەسەر هەر بانکێک، ئەوا رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەو بانکەی کە رێگری دەکات لە راکێشانی دۆلار لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق جارێکی دیکە 160 هەزار دیناری تێپەڕاند، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە بەهای 100 دۆلار دەگاتە 170 هەزار دینار بەهۆی نەناردنی دۆلار لەلایەن بانکی فیدراڵی ئەمەریکییەوە.

دواتریش لە روونکردنەوەیەکدا، بانکی ناوەندیی عێراق رەتیکردەوە بانکی فیدراڵی ئەمەریکی، ناردنی نەختینەی دۆلاری بۆ عێراق راگرتبێت و ئاماژەی بەوەکرد، کە دابینکردنی نەختینەی دۆلار بەشێوەی قیستی ساڵانە دەبێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە بەهای دۆلار بگاتە 170 هەزار دینار، ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕ دروستکرد و چەند هەزار دینارێک بەهای دۆلار هاتە خوارەوە.

ئەم هۆشدارییەی بانکی ناوەندیی عێراق دوای ئەوە هات، لە چەند رۆژی رابردوو هاووڵاتییان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرانبەر چەند بانکێک کە رێگرییان دەکرد لە راکێشانی پارە لە هەژمارەکانیان بە دۆلار، هەرچەند پێشتر هەر بە دۆلار پارەیان لەسەر هەژمارەکانیان داناوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023) عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی داهاتووشەوە سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکان بە دیناری عێراقی دەبێت لەبری دۆلار.

ئەم رێکارە نوێیەی بانکی ناوەندیی عێراق دوای ئەوە دێت، رۆژی 15ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ عێراق رێککەوتوون کار بۆ باشترکردنی کەرتی دارایی بکەین لەپێناو رێگرکردن لە ساختەکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی تیرۆر و چالاکییە نایاساییەکانی دیکە.

ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دوای سەردانی ئێلیزابێس رۆزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە 12 و 13ـی مانگی ئەیلوولی 2023 هات بۆ بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکی ناوەندی و نوێنەرانی بانکەکانی کەرتی تایبەتی عێراق کۆبووەتەوە و ئاماژەیان بەوەشکردووە، رێککەوتوون لەسەر کارکردنی پێکەوەیی و هەنگاونان بۆ کاری پێکەوەیی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بەردەوام، بۆ ئەوەی عێراق بگاتە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و رێگری بکات لە ساختەکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی تیرۆر و چالاکییە نایاساییەکانی دیکە.

رۆژی (19ـی تەمموزی 2023)، رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مه‌ریكی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەکرد، ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌كردن به‌ دۆلار له‌ 14 بانكی عێراقیی قه‌ده‌غه‌كردووه‌ و له‌ راپۆرته‌كه‌دا لە بەرپرسانی ئیدارەی واشنتنی گواستووەتەوە، ئه‌و سزایانه‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا و بانكی فیدراڵ له‌ نیویۆرك، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی گشتگیردایه‌ بۆ رێگریكردن له‌ ئاڵوگۆڕکردنی دۆلار لەگەڵ ئێران.

ئەو 14 بانکەی سزادراون بریتی بوون لە (بانکی ئەلموستەشاری ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی قڕتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پاردارکردن، بانکی تەیفی ئیسلامی، بانکی ئیلافی ئیسلامی، بانکی ئەربیل بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی ئیسلامی نێودەوڵەتی، بانکی عەبر عێراق، بانکی موسڵ بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان، بانکی راجحی ئیسلامی، بانکی سومەری بازرگانی، بانکی سیقەی نێودەوڵەتی ئیسلامی، بانکی ئەوری ئیسلامی، بانکی جیهانی ئەلعالەمی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی زین عێراق ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن).

هەروەها رۆژی (6ـی تشرینی دووەمی 2022)، بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلاری بە چوار بانک راگرت بە مەبەستی وردبینکردن لە مامەڵەکانیان، بانکەکانیش بریتی بوون لە" بانکی ئەنساریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی قابزی ئیسلامی بۆ پارەدارکردن و وەبەرهێنان، بانکی ئاسیای عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەبەرهێنان".

لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا، نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 ھەزار بۆ 149 ھەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی (11ـی کانوونی یەکەمی 2022)ـەوە نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکی، 150 ھەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و دواتر بۆ یەکەمجار 100 دۆلاری ئەمەریکی، 166 ھەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و تائێستا بەھای دینار ھەر بە ناجێگیری ماوەتەوە.

رۆژی هه‌ینی (3ـی شوباتی 2023)، عه‌لی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق و براین نیلسۆن، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری تیرۆر و هه‌واڵگری داراییكۆبوونه‌وه‌ و تاوتوێی دۆخی ئابووری و به‌رزو نزمی به‌های دراویان كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی سه‌قامگیری ئابووری عێراق كرده‌وه‌. به‌گوێره‌ی رایگه‌یه‌ندراوی بانكی ناوه‌ندی عێراق، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتیوانی خۆیی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری لەعیراق دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، کە ئامادەن نەرمی بنوێنن لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، هەروەها رێککەوتوون لە هەماهەنگی هاوکارییەکانی نێوانیان بەردەوام بن.

دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، شاندێکی دیکەی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندیی عێراق لە هەمان مانگدا، سەردانی واشنتنیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لەبارەی پرسی دۆلارەوە کۆبوونەوە و گەیشتنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە چەند پرسێکی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دراو و رێگریکردن لە چوونە دەرەوەی دۆلار لە عێراق.