رێنماییەکانی ناونووسین بۆ وەرزی نوێی حەج راگەیەندرا

ژماره‌یه‌ك له‌ حاجییانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، وێنه‌: ئه‌رشیڤ
ژماره‌یه‌ك له‌ حاجییانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، وێنه‌: ئه‌رشیڤ

K24 - هەولێر:

شێخ نیاز نه‌قشبه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رێنماییەکانی ناونووسین بۆ فەریزەی نویێ حەج راگەیاند.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، فۆڕمی ناونووسین بۆ حەجی 2024 ماوەی 12 رۆژ بەردەست دەبێت جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە، دواتر فۆڕمە نوێیەکان لەگەڵ فۆڕمی ساڵانی رابردوو تیروپشکیان بۆ دەکرێت و سەدا 40ـی فۆڕمە نوێیەکان دەرفەتی حەجکردنیان پێدەدرێت.

گوتیشی: هەر هاووڵاتییەک پێشتر حەجی کردبێت، بۆی نییە ناوی خۆی تۆمار بکات، ئەگەر تۆماریشی بکات، لەکاتی ئەنجامدانی تیروپشک فۆڕمەکەی پوچەڵ دەکرێتەوە، تەنیا ئەو کەسانە نەبێت کە بۆ هاوەڵی کەسێکی دیکە حەج دەکەن و خۆیان بە (مەحرەم حاجی) ناونووس دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر هاووڵاتییەک زیاتر لە یەک فۆڕم پڕبکاتەوە، دەرفەتی چوون بۆ حەج لەدەستدەدات و فۆڕمەکانی پوچەڵ دەکرێتەوە.

راشیگەیاند، بەپێی رێنماییەکان ئەو کەسانەی فۆڕمی حەج پڕ دەکەنەوە نابێ تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بێت، دەبێ دانیشتووی هەرێمی کوردستان بن، ناونووسین بەپێی فۆڕمی خۆراک و کارتی زانیاری دەبێت، پڕکردنەوەی فۆڕمەکە  لە نووسینگەکانی حەج و عومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت، پێویستە لە ماوەی چوار رۆژدا فۆڕمەکە بگەڕێننەوە ئەو شوێنەی کە فۆڕمەکەی لێوەرگرتووە، لەو وادەیە دوابخرێت مافی ئەوەی نابێت ناوی بچێتە ناو تیر و پشک.

باسی لەوەشکرد، بڕیاربوو ئەمساڵ لە رێگەی ئۆنلاینەوە فۆڕمی حەج پڕ بکرێتەوە، بەڵام چونکە سعوودیە وادەکەی پێشخست بۆ ئامادەکارییەکان، وەکو ساڵانی دیکە لە رێگەی نووسینگەکانی حەج و عومرە فۆڕم دابەش دەکرێت، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو پڕکردنەوەی فۆڕم لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت.

شێخ نیاز نه‌قشبه‌ندی داوای لەو هاووڵاتییانە کرد، ئەو کەسانەی کەمئەندام یان بەساڵاچوون و توانای جەستەییان باش نییە و دەیانەوێت حەج بکەن، لەگەڵ ناوی خۆیاندا ناوی کەسێکی دیکە بنووسن کە دەتوانێت هاوەڵیان بکات و لە کاتی فەریزەی حەجدا یارمەتییان بدات، بۆئەوەی نەبن بە بارگرانی بەسەر کەسانی دیکەوە.

شێخ نیاز نەقشبەندی روونیکردەوە، ئەو کەسانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەگەر کارتی زانیاریان هەبێت دەتوانن لە شوێنی نیشتەجێبوون فۆڕم پڕ بکەنەوە بە مەرجێک لە شوێنێکی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان فۆڕم پڕ نەکەنەوە.

سەبارەت بەو ئافرەتانەی فۆڕمی چوونە حەج پڕ دەکەنەوە، گوتی: "ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە دەتوانن بە تەنیا ناوی خۆیان بنووسن، بەڵام بۆ ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان لە 45 ساڵ کەمترە (محرەمێکی) لەگەڵ بێت وەک باب، برا، هاوسەر، یان کەسێکی دیکەی خێزانەکەی.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی ئەمساڵ ناویان لە تیر و پشک دەردەچێت مافی ئەوەیان نییە دوای بخەن بۆ ساڵێکی دیکە، چونکە ناونووسین تەنیا بۆ یەک ساڵە و ساڵی داهاتوو جارێکی دیکە ناو دەنووسرێنەوە.

باسی لەوەشکرد، بڕیاربوو ئەمساڵ لە رێگەی ئۆنلاینەوە فۆڕمی حەج پڕ بکرێتەوە، بەڵام چونکە سعوودیە وادەکەی پێشخست بۆ ئامادەکارییەکان، وەکو ساڵانی دیکە لە رێگەی نووسینگەکانی حەج و عومرە فۆڕم دابەش دەکرێت، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو پڕکردنەوەی فۆڕم لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، جەختیکردەوە، هەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی کردووە، بۆی نییە جارێکی دیکە فۆڕم پڕ بکاتەوە.

گوتیشی: "ئەو کەسانەی فۆڕم پڕ دەکەنەوە پێویستیان بە فۆتۆکۆپی فۆڕمی خۆراک، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، کارتی نیشتمانی یان ناسمامە و یەک وێنەی کەسی هەیە".

ئاشکراشی کرد، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 15/10/2023، ناونووسین بۆ حەج دەستپێدەکات و هەر کەسێک دەیەوێت حەج بکات دەتوانێت لەو بەروارە لە نووسینگەکانی حەج و عومرە فۆڕم وەربگرێت.