بڕیارەکانی بانکی ناوەندی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

دینار و دۆلار
دینار و دۆلار

K24 - بەغدا

بانکی ناوەندی ژمارەیەک بڕیاری نوێ دەردەکات، سزای زیاتر لە 120 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو دەدات و ژمارەیەک کۆمپانیاش بە تۆمەتی بەقاچاخ بردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات دەخاتە لیستی رەشەوە، بەڵام بڕیارەکە کاردانەوەی خراپی لەسەر بازاڕی دراو دروستکردووە و بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی زیاتر دابەزاندووە.

بڕیاری سزایەکی نوێی بانکی ناوەندی، قەرەباڵغی دروستکردووە لە بەردەم کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵە و دابەشکردنی مووچە بە کیکارت، بڕیارەکە داخستن و سزای زیاتر لە 120 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوە گرتووەتەوە، کە تۆمەتبارن بە قاچاغبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، چونکە هەر کۆمپانیایەکی رێگا پێدراو هەفتانە دوو میلۆن دۆلار بە نرخی حکومەت وەردەگرن لە بانکی ناوەندیی عێراق.

حاجی سالم ئەلعەقیق، خاوەنی کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراوە لە بەغدا دەڵێت: "سزای سەر کۆمپانیاکان رەوا نییە لەسەر شتی زۆر بچووک کۆمپانیایەکی گەورە دادەخەن کە بژێوی دەیان خێزانی لەسەرە، بۆ نموونە من 10 کارمەندم هەیە هەموویان دەرچووی دانەمەزراون، کە سزادرام هەموویانم ناردە ماڵەوە، تاکو ئێستاش نازانم هۆکاری سزادانەکەم چییە".

رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندی، تا دێت توند دەکرێن، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار جێگیر بكات، بەپێچەوانەوە بەھای دینار ناجێگیرە، پسپۆڕێکی ئابووری دەڵێ: هەموو بڕیارەکانی بانکی ناوەندی شکستی هێناوە بە بەڵگەی ئەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دادەبەزێت و هەموو جومگەکانی بازاڕیش وەستاون.

نوور موسەوی شارەزای ئابووری بە کوردستان24ی گوت: "نرخی هەموو کاڵا و شتومەکێک گران بووە، زۆربەی وەبەرهێنەرەکان کارەکانیان راگرتووه، بانکەکانیش مامەڵەکردنیان خاو بووەتەوە لە داهاتوویان دەترسن، چونکە بەهای دۆلار بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە، ئەمه کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانیش دروستکردووە، بۆیە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی شکستی هێناوە".