سروە رەسووڵ: بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکان هاوبەشیمان لەگەڵ چەندین وڵات هەیە

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکان، هاوبەشیان لەگەڵ چەندین وڵات هەیە و یەکێک لەو وڵاتانەش ئەڵمانیایە، کە لە کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن هەماهەنگ و هاوکارن.

سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن، گوتی: "کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە پڕۆژە زۆر گرنگەکان، کردنەوەی ئەو ژوورە لەم کاتەدا مانای ئەوە نییە کە دیارە شتێک روودەدات، بەڵام ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، کاری سەرەکی ئامادەباشیی و بەڕێوەبردن و وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکانە، لەو بوارە هەماهەنگی لەگەڵ تەواوی وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هەروەها لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگی هەیە، بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکات و رێکارەکانی دروست بگرێتەبەر لە بەدواداچوون و دیراسەکردن و چۆنیەتی وەڵامدانەوە، ئەو ژوورەش یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە ماوەیەکی باشە کاری بۆ دەکرێت و یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی دامەزراندنی سیستەمی وەڵامدانەوە قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەزموونێکی باشی ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی (THW ) سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا تێدا بەکارهێنراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "نوێنەری 15 وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەم ژوورەدا ئەندامن، راستەوخۆ وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتی ژوورەکە دەکات، لەسەر هەرسێ قۆناغەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان کاردەکات وەک ئامادەکاری قەیران، وەڵامدانەوە و بوژاندنەوە بۆ بارودۆخی ئاسایی، لە 7 یەکە پێکهاتووە: هەڵسەنگاندن و شیکاری بەردەوام بۆ مەترسییەکان، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخستە، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەندامیان لەو ژوورە دەبێت، وەڵامدانەوە، بوژاندنەوە بۆ بارودۆخی ئاسایی، بەدواداچوونی بەردەوام و چاودیڕیکردن، هەماهەنگی سەربازیی و مەدەنی، لەم ژوورەدا یەکەی تایبەتیان هەیە، لە ئێستادا راهێنانی دووەم لەلایەن ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ ژووری ئۆپەراسیۆن بەڕێوەدەچێت".

سروە رەسووڵ، راشیگەیاند: "سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات، ئەزموون و شارەزایەکی زۆری دەوێت، ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ تاکو ئێستا توانیویەتی هاوبەشی لەگەڵ چەندین وڵات هەبێت، یەکێک لەوانە ئەڵمانیایە، کە لە ساڵی 2014ـەوە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی قەیرانەکان هەیە، لە زۆر بواردا هاوکاری هەرێمی کوردسیانیان کردووە، هەر لە سەرەتای دروستبوونی کەمپەکان رۆڵی بەرچاویان هەبووە، لە چەندین پڕۆژەی دیکە کە لەوکاتە ناوچەکە لە دۆخێکی خراپ دابوو".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بابەتی راهێنانی تیمەکان لە پێنج پارێزگا ئیدارە سەربەخۆکان توانیویەتی سەنتەری لۆجستی گەورە لەسەر رووبەڕی شەش هەزار و 500 مەتر دووجا دروست بکات، بۆ بابەتی ئامادەکاری لە کەمپینەکان لافاو و بومەرزەکەی تورکیا و سووریا بەکارهێنران، ئێستا ئەو سەنتەرە لە پارێزگای هەڵەبجەش لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە".

سروە رەسوڵ، ئەوەشی خستەڕوو: "حکومەتی عێراق وەک خاوەنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان هیچ ئامادەکاریی و هەنگاوێکی جددی نەگرتووەتەبەر، هیچ جۆرە هاوکارییەکیشیان پێشکەش ناکات، بۆیە ئەگەر هەرێمی کوردستان هاوکاریان نەکات بێگومان کارەسات لە کەمپەکان روودەدات، ئەو بابەتانە هەمووکات وەکو هەرێمی کوردستان بووەتە ئەرکی سەرەکی ئێمە سەرەڕای ئەو هەموو ئەو بارگرانیەی لەسەرشانمان بووە ئاوارەکانمان لەخۆگرتووە و هەوڵماندا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی فیدراڵی ئاگاداری پێداویستییەکانی ئەوان بن، بەڵام حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جددی نەناوە".