ته‌واوی پلان و ورده‌كارییه‌كانی بارسێلۆنا بۆ كلاسیكۆ
بارسێلۆنا دواین ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ یاریی كلاسیكۆ به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید كرد و به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو جگه له سێرجی رۆبێرتۆ سه‌رجه‌م یاریزانه پێكراوه‌كانی یانه‌كه گه‌ڕانه‌وه و به‌شداری راهێنانه به‌كۆمه‌ڵه‌كانیان كرد پێش یارییه‌كه‌ش چاڤی هێرناندێز باسی له گرینگی كلاسیكۆ كرد و رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر لیڤاندۆڤسكی سه‌دا سه‌د ئاماده بێت یاریی پێده‌كه‌م.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، بارسێلۆنا له یاریی لوتكه‌ی گه‌ڕی 11ـی لالیگا له یاریگه‌ی ئۆڵمپی لویس كۆمپانێس له كلاسیكۆی ئیسپانیا میوانداریی ركابه‌ره هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ریال مه‌درید ده‌كات. بارسێلۆنا به كۆكردنه‌وه‌ی 24 خاڵ خانه‌ی سێیه‌می لالیگای گرتووه و ته‌نیا یه‌ك خاڵ له ریال مه‌دریدی پێشه‌نگ دووره.
له دوایین راهێنانی ئاماده‌كاری بارسێلۆنا بۆ كلاسیكۆ جگه له سێرجی رۆبێرتۆ سه‌رجه‌م یاریزانه پێكراوه‌كانی بلاوگرانا به‌شداریان له راهێنانه به كۆمه‌له‌كان كرد، به‌ڵام به‌پێی چاڤی بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌كه له پێدری و دی یۆنگی دوورخسته‌وه، به‌ڵام بانگهێشتی كۆندی، رافینیا و لیڤاندۆڤسكی كردووه.
چاڤی له‌باره‌ی یارییه‌كه به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه بۆچوونی خۆی ده‌ربڕی
هه‌مووان ده‌یانه‌وێت له كلاسیكۆ یاریی بكه‌ن، هه‌ستێكی زۆر باشمان هه‌یه و به‌باشی ئاماده‌ین، له دوو یاریی سه‌ركه‌وتووبووین، ده‌مانه‌وێت كلاسیكۆ ببه‌ینه‌وه و متمانه‌یه‌كی زۆریشم به خۆمان هه‌یه، به‌راستی منیش به گه‌ڕانه‌وه‌ی یاریزانه پێكراوه‌كان شۆك بووم، هه‌مووان هه‌ست به‌باشی ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا سبه‌ی نازانم كێ له‌گه‌ڵمان ده‌بێت و كێ دوورده‌خه‌مه‌وه، لیڤاندۆڤسكی هه‌ست به‌باشی ده‌كات، به‌ڵام هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كلاسیكۆ ناكه‌م ببورن، ئه‌گه‌ر سه‌دا سه‌د ئاماده‌بێت یاریی پێده‌كه‌م، هه‌ر یاریزانێك یاریی بكات به فه‌رمانی ه‌سته‌ی پزیشكی ده‌بێت، نامانه‌وێت فشار بخه‌ینه سه‌ر هیچ یاریزانێك تا ئه‌وان رێگه نه‌ده‌ن، كانسێلۆمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ڤینیسیۆس رابگرێت، پلانی دیكه‌شمان له‌به‌رده‌سته، له رۆژی كلاسیكۆ بڕیار ده‌ده‌ین، متمانه‌یه‌كی زۆرمان به كانسێلۆ هه‌یه، ئێمه‌ش ده‌بێت یارمه‌تی بده‌ین، به‌تایبه‌تی له هێرشه پێچه‌وانه‌كان، كه ریال مه‌درید زۆر ترسناكه، من هه‌میشه بڕوام به پاكی ناوبژیوانه‌كان هه‌یه، هه‌ڵبژاردنی هه‌ر ناوبژیوانێكیش ئاساییه، یاریی زۆر به‌هێز له جیهان له نێوان دوو یانه بوونی هه‌یه، به‌ڵام هیچ یارییه‌ك به‌قه‌ده‌ر كلاسیكۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مه‌درید به‌هێز نییه.
ئاماره‌كانی بارسێلۆنا
بارسێلۆنا له‌م وه‌رزه‌ی لالیگا تاكه یانه‌یه هیچ دۆڕانێكی تووش نه‌بووه، له دوایین سێ كلاسیكۆی لالیگا دوو سه‌ركه‌وتنی به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید به‌ده‌ستهێناوه، له دوایین كلاسیكۆی یاریگه‌ی كامپ نوو له وه‌رزی رابردوو بارسێلۆنا به دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك یارییه‌كه‌ی برده‌وه، له سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانییه‌تییه‌كانیش بارسا له دوایین شه‌ش یاریی چوار سه‌ركه‌وتنی به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید تۆمار كردووه.