شەش کەس بەتۆمەتی بردنە دەرەوەی دۆلار بە قاچاغ دەستگیر دەکرێن

K24 - هەولێر

دەزگای هەواڵگری عێراق رایگەیاند، شەش کەسی بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی دۆلار دەستگیرکردووە. ئەمەش لە کاتێکدابووە کە ویستوویانە زیاتر لە 157 هەزار دۆلار حەواڵە بکەن.

ئەمڕۆ سیشەممە، 31 تشرینی یەکەمی 2023، دەزگای هەواڵگری عێراق رایگەیەند، لە ناوچەی کەرخی سەر بە شاری بەغدا، شەش کەسی بەتۆمەتی بردنە دەرەوەی دۆلار دەستگیرکردووە، کە ئەو شەش کەسە لە رێگای کۆمپانیایەک بەرێگای نایاسایی هەوڵی بردنە دەرەوە و هێنانە ناوەوەی دۆلاریان داوە، بەبێ ئەو رێکارانەی کە بانکی نێودەوڵەتی دیاریکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری عێراق، ئەو شەش کەسەی دەستگیرکراون لەکاتێکدابووە، کە ویستوویانە بڕی 334 ملیۆن و 270 هەزار دیناری عێراقی، کە دەکاتە 157هەزار و 215 دۆلار حەواڵە بکەن، بۆیە دەستبەجێ هەرشەشیان دەستگیر کراون و کۆمپانیاکەش دادەخرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوانباران دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، رێکارە یاساییەکان لەدژییان گیراوەتە بەر و رادەستی لایەنی پەیوەدیدار کراون.

ئا: لاڤین عومەر