لە سنە یادی جەلال مەلەکشا کرایەوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە شاعیر و نووسەرانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێوڕەسمێک بۆ یادی سێیەم ساڵی کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا، شاعیری ناوداری رۆژهەڵاتی کورستان بەڕێوە چوو.

جەلال مەلەکشا، کە بەهۆی شیعرە نیشتمانییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوبانگی هەبوو، زیاتر لە 40 ساڵ رۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گێڕا.

جەلال مەلکشا لە 19/3/1951، لە گوندی مەلەکشای سنووری پارێزگای سنە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوای ئەو شاعیرەدا تێدەپەڕیت، بە دەیان شاعیر و نووسەر، لە گوندەکەیان لەسەر مەزاری جەلال مەلەکشا کۆبوونەوەتەوە کە خۆی دەیگوت: من شاعیری نیشتمانی خوێن و کوێستان و تفەنگم.

مەلەکشای شاعیر، یەکێک بووە لە دیارترین دەنگەکانی ئەدەبیاتی بەرگری و شیعری نیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد، زیاتر لە چل ساڵ بۆ کوردستان شیعری نووسی و لەسەر ئەو شیعرانەش تووشی زیندان و ئەشکەنجە بووەوە، بەڵام هیچکات وازی لە خۆشەویستیی نیشتمانەکەی نەهێنا.

جەلال مەلەکشا جیا لە نووسینی شیعری نیشتمانی، بە زیاتر لە بیست ساڵ کار کردن، لە گۆڤاری سروە کە لە ساڵی 1986 لە لایەن هێمن موکریانییەوە دامەزرا، رۆڵێکی بەرچاوی لە پەرەپێدانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گێڕا. دوای بەجێ هێشتنی گۆڤاری سروەش، لە شاری سنە، چەندین ساڵ وەک مامۆستای زمانی کوردی چالاکیی هەبوو.

هەروەها مەلەکشا لە ساڵی 1980 بە زمانی فارسی شیعری نووسیووە و ناوبانگێکی زۆری لە ناو شاعیرانی و نووسەران خوێنەرانی فارسدا بۆخۆی دەستبەر کردبوو، پەیوەندی زۆر باش و بەربڵاو لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندان و شاعیران و نووسەرانی کورد و ئێرانی هەبووە، بەڵام لەو ساڵەوە بڕیار دەدات، جگە لە زمانی کوردی بە هیچ زمانێکی دیکە شیعر نەنووسێت، ئەم بڕیارەش کۆمەڵە شیعری "زڕەی زەنجیری وشە دیلەکان" و کۆمەڵە چیرۆکی "کارەسات"ە کە هەردووکیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازی باشی لێکرا.

لە ساڵی 1951-2020 شاعیری کورد پەروەر و نیشتمان پەروەر، جەلال مەلەکشا لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد و لە گوندی مەلکشا بەخاک سپێردرا.