فیلمی "خاکی پیرۆز" بەرهەم هێنرا

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دەرهێنەری فیلمی خاکی پیرۆز رایگەیاند، فیلمی دیکۆمێنتاری "خاکی پیرۆز" باس لە خەبات و رەنجی پێشمەرگە دەکات، ئەو خەباتەی تا ئێستا بەردەوامی هەیە.

سەید محەممەد عەبدوڵلا دەرهێنەر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێمە ئاگاداری کۆمەڵکوژیی و زوڵم و ئاوارەیی بووین، بۆیە باشتر باشتر لە زوڵم و ستەم تێدەگەین، ئێمە وەکو کورد لە مێژووەوە داکۆکیمان لەو ستەم و زوڵمانە بەرامبەر هەر وڵاتێک کە دەکرێت کردووە، جگە لەوەی کە ئێمە خاوەن دەوڵەتیش نین، خۆمان قوربانی زوڵم و ستەم و کیمیاباران بووین، بەڵام هەموو کات داکۆکی و بەرگریمان لە پێکەوە ژیان کردووە".

گوتیشی: "ئەم پێکەوەژیانەی کە هەیە لە کوردستان، ویستوومە لەڕێگەی دیکۆمێنتارییەک بگەیەنمە وڵاتانی دەرەوە، جیهانی دەرەوە لە رەوشتی گەلی کورد باشتر تێبگەن و دەستی یارمەتیشی بۆ درێژکەن".

سەید محەمەد گوتیشی، بۆ بەرگری کردن لە مەسیحییەکان و ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا و مەخموور کە تووشی ئاوارەبوون بوون، پێشمەرگە باجیداوە و بەرگری کردووە، بەس لە رزگارکردنی شەنگال 500 شەهیدمان داوە، بەدرێژای ئەم شەڕەی دژی داعش نزیکە 1900 شەهیدماندا و نزیکە 12هەزار برینداریشمان هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە.

راشیگەیاند، "ئەم خەباتە خەباتێکی مێژوویی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و تا ئێستا درێژەمان پێداوە و بەردەوامیش دەبێت".

دەرهێنەر باسی ناوەڕۆکی فیلمکە بۆ کوردستان24 دەکات و دەڵێت، "لە دروستکردنی فیلمی دیکۆمێنتاری، دەبێت هەمووی بەڵگەیی بێت و بەڵگەت هەبێت، ئەم پێکەوەژیانە کە لە فیلمەکەدا باس دەکرێت لە زاری برا عەرەب و تورکمان و ئایینەکانی تر وەرگیراوە، ئەمە ئەو بەڵگەییە کە لە فیلمەکەدا دەبینرێت و تا ئێستاش بوونی هەیە، هەر شوێنێک لە کوردستان دەستمان پێگەشتووە ئێمە سەردانمان کردووە، بۆ دەوڵەمەند کردنی فیلمەکە، ئەم فیلمە نزیکە ساڵێکی خایاند تا بەرهەم هێنرا".