فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگایەکی پەکەکە لە سنووری شنگال بۆردومان دەکەن

ناحیەی سنوونێ - وێنە: ئەرشیف
ناحیەی سنوونێ - وێنە: ئەرشیف

K24 – شنگال:

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ناحیەی سنوونێی سنووری قەزای شنگال، بارەگایەکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج.

رۆژی دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە "مەفرەقی زراعە"ـی ناحیەی سنوونێ لە سنووری شنگال، بارەگایەکی چەکدارانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کوژراو و بریندار لە ریزی چەکدارانی پەکەکە لەو بارەگایەدا هەیە.

هه‌واڵگری تورکیا رۆژی هه‌ینی (6ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) بڵاویكرده‌وه‌، له‌ ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌تدا "ئیلیاس برۆ عه‌لی" به‌رپرسی تیمی نیشانه‌شكێنی په‌كه‌كەیان‌ له‌ شنگال كوشتووە و دووپاتیکردەوە، لە لێدانی پێگەی چەکدارانی پەکەکە لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن.

هەروەها هەفتەی رابردوو، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەنداروێکدا ئاشکرایکرد، "رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023) کاتژمێر 11:15ـی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکەی لە گوندی بۆسکێنی سەر بە قەزای رانیەی ئیدارەی ڕاپەڕین کردە ئامانج".

هاوکات لە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە وەکالەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "شەوی رابردوو سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ئۆتۆمبێلی لە گوندەکانی بێجوانان و داسنی لە سنووری قەزای سیدەکان کردووەتە ئامانج، بەپێی زانیارییەکان هەردووکیان ئۆتۆمبێلی چەکدارانی پەکەکە بوونە".