سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: کاری لە پێشینەمان بنیاتنانی ژێرخانێکی مۆدێرن و رەخساندنی هەلی کاری نوێیە

کردنەوەی پێنجەمین پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە هەولێر
کردنەوەی پێنجەمین پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کردنەوەی پێنجەمین پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە هەولێر، رایگەیاند، کاری لە پێشینەمان بنیاتنانی ژێرخانێکی مۆدێرن و رەخساندنی هەلی کاری نوێیە.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا، زیاتر لە 200 کۆمپانیا لە 10 وڵاتەوە لە هەولێر کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکان لە بوارەکانی پیشەسازی و بیناسازی و گواستنەوەدا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاری لە پێشینەمان: بنیاتنانی ژێرخانێکی مۆدێرن و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ".

پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر 11ی بەیانی تاوەکوو 7ـی ئێوارە کراوە دەبێت بۆ پێشوازی لە سەردانیکاران.

پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی (Construct Iraq 2023) کە تایبەتە بە کەرەستەی بیناسازی، کارەبا، سیستەمی ساردی و گەرمی، بە بەشداری 212 کۆمپانیای بیانیی و ناوخۆیی بەڕێوەدەچێت، لە نێویاندا 178 کۆمپانیا بیانین، کە لە 10 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون، وەک تورکیا، ئێران، هیندستان، چین، ئیتاڵیا، ئیمارات، لیتوانیا، ئازەربێجان. هەروەها 36 کۆمپانیای ناوخۆیی، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدارن.

رەنگڕێژكردنی سیاسەتی بازرگانی و پیشەسازی گشتی بەمەبەستی وەدیهێنانی گەشەسەندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، ئامانجی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 32 هەزار و 123 كۆمپانیا لە كوردستان تۆماركراون، بەڵام تەنیا لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، چوار هەزار و 423 كۆمپانیا تۆماركراون، بە جۆرێك چوار هەزار و 289 كۆمپانیای خۆماڵی و 134 كۆمپانیای بیانی بووە.

هاوکات بە مەبەستی كەمكردنەوەی تێچووی كات و پارە لە پرۆسەی تۆماركردنی بازرگانییەكان، ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمێكی دیجیتاڵی نوێی تۆماركردنی دامەزراوە بازرگانییەكانی راگەیاند كە دەبێتە پێكهێنەرێكی گرنگی ئەو پلانە ستراتیژییە كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ بنیادنانی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە سیستمی بەڕێوەبردن لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا راگەیاندراوە.

هەروەها ژمارەی ئەو كارگانەی كە مۆڵەتیان پێدراو لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 816 كارگەیە بە سەرمایەی یەك ملیار و 35 ملیۆن و 528 هەزار دۆلار، كە لە رێگەیەوە هەلی كار بۆ 13 هەزار و 451 كەس رەخسێندراوە.