کتێبی "یاری کۆتایی" بڵاو دەکرێتەوە

K24 – هەولێر

کتێبی "یاری کۆتایی" لە دووتوێی 220 لاپەڕە پێکهاتووە، نووسەر لەم کتێبەدا وەرزش و سیاسەتی پێکەوە گرێداوە.

هونەر کەریم، نووسەر و مامۆستا، ئەو کتێبەی نووسیوە و بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ناوەڕۆکی کتێبی "یاری کۆتایی"، باس لە دانیال گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق دەکات، کە کەس نازانێت بەڕەچەڵەک کوردە، لە کاتی ئەنفالدا لە بیابانەکانی باشووردا دۆزراوەتەوە، گەورە دەبێت و دەبێت بە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق، خەون و هەوڵی دانیال ئەوە بووە رۆژێک ببێت بە گۆڵپارێزێکی بەناوبانگ، بەڵام باوکی نایف ئاگاداری دەکاتەوە لەم وڵاتەدا خەون بە شتی گەورە نەبینێت، ئەگینا ژیانی لەدەست دەدات، ئەو قسانەش دێتەدی، کاتی لە یاری کۆتاییدا نێوان عێراق وڵاتێکی تردا، دانیال پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە کوڕی سەرۆک وڵاتەوە پێدەگات، داوای شتێکی لێدەکات هەموو ژیانی دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەر داواکاریەکەی جێبەجێ نەکات. ئەم رۆمانە چیرۆکی دانیاڵی وەرزشەوانە کە سیاسەت ژیانی لێ تاڵ دەکات".

هونەر کەریم، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، بە زمانی کوردی و عەرەبی دەنووسێت، چوار رۆمانی هەیە، وەک (پەپوولەی کافکا، فەنتازیای بەرێز گیلگامێش) هەروها ڕۆمانی (چاوێک لەسەر رێ) براوەی خەڵاتی ئەدەبیە لە میسر، ئەمەش پێنجەمين رۆمانی ئەو نووسەرەیە.

ئا: لاڤین عومەر