فارس عیسا: هه‌فته‌ی داهاتوو 700 ملیاره‌كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

K24 - به‌غدا:

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت، به‌مه‌به‌ستی ناردنی 700 ملیار دیناری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستمان به‌ رێككاره‌ ئیدارییه‌كان كردووه‌.

فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10 مان راده‌ستی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زاره‌تی دارایی و چاودێری دارایی عێراقمان كردووه‌. گوتیشی: "وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستمان به‌ رێككاره‌ ئیدارییه‌كانی ناردنی دوا به‌شی سێیه‌می 700 ملیار دیناره‌كه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری تایبه‌تی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".

تایبه‌ت به‌ ناردنی سێ مووچه‌ی دیكه‌ی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فارس عیسا رایگه‌یاند، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی له‌ نامه‌یه‌كدا داوای له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه‌، ئه‌و سێ مووچه‌یه‌ هاوشێوه‌ی به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق بنێرێت، چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی به‌غداین.

رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی (مێپس 2023)، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی کردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت. داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان کردبوو، ئەمڕۆ تەرازووی پێداچوونەوەیان بۆ نێردراوە".

ئاماژەی بەوەشکردبوو: "ئەوەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ دابینکردنی مووچە و ناردنی 700 ملیارەکە، جێبەجێی کردووە، بۆیە بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی دیکە (مانگەکانی 10، 11 و 12)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەدوای رێگەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی مافەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن و لێکتێگەییشتنی باش لەنێوان هەردوولا هەیە".

پێشەوا هەورامانی روونیشیکردەوە: "لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین مووچەی مانگ و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێ بهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێ جار شاند بچێت تاوەکو مووچەی مانگێک بنێرن".