پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب دەکرێتەوە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/11/2023، پێنجەمین پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب، بە بەشداری زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی ناوخۆیی و بیانی دەستپێدەکات.

پێشانگاکە ماوەی 10 رۆژ لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، جگە لە ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی ناوخۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە 20 وڵاتی دیکە بەشداریان کردووە. ئەو کتێبانە لە پێشانگاکەدا هەن بە گشتی هەموو بوارەکان لەخۆ دەگرێت، رۆشنبیری، رۆشنفکری، ئایینی، فەلسەفە، کۆمەڵایەتی، هونەری، زانستی، شیعر، ئەدەب ،چیرۆک و رۆمان، مێژوو.

هیوا قادر، نووسەر و شاعیر و ئەندامی ئەنجومەنی دەزگای سەردەم، بە کوردستان24ی گوت: "گرنگی کردنەوەی ئەم پێشانگایانە، کار ئاسانییەکی گەورەیە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە ناتوانن دەستیان بگاتە ئەو کتێبانەی کە بەشێکیان رەنگە لە هەرێمی کوردستاندا دەست نەکەون، لە رێگای ئەم پێشانگایانەوە دەستمان دەگات بە بەرهەمی ناوازە و نوێی دنیا، کە لە دنیا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

گوتیشی: "پێشانگاکان وا دەکەن کە ئێمەش لەگەڵ کۆمەڵگە چالاکەکانی جیهان، ئەدەبیاتی دونیا ببینین، بەشێکیش لەو ئەدەبیاتە کە ئەدەبیاتی خۆماڵییەکان بە خوێنەرانی خۆمانی بناسێنین".

هیوا قادر ئاماژەی بەوەشدا: "لە ساڵی یەکەمی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی سلێمانی کێشەیەکی گەورەی هەیە، تاکو ئێستا چارەسەر نەکراوە ئەویش بەڵانسێک نابینیت لەنێوان ئەو ناوەند و چاپخانانەی بانگهێشت دەکرێن، ئەوەی لەم پێشانگایەدا دەیبینی زۆرینەیان پاشخانێکی ئیسلامییان هەیە، ئەدەبیاتێکیش دەهێنن کە زۆرینەی خزمەت بە بیروڕای ئیسلامی توندڕەو دەکات، ئەوەندە خزمەت بە کۆمەڵگا ناکات، ئەو مەیلە سیاسییە زۆر بە تۆخی لە پێشانگاکانی سلێمانیدا دیارە".

هیوا قادر، بە 28 کتێبی خۆی لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی بەشداریکردووە.

شەوقی عومەر، جێگری بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک کونسوڵی وڵاتان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکە بەشدار دەبن.

جێگری بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی باس لە چەند بەرنامەیەکی ناو پێشانگاکە دەکات و دەڵێت: "ئەمساڵ بەرنامەکانی پێشانگاکە دابەشکراوە بەسەر چەند تەوەرێکدا، یەکێکیش لە تەوەرەکان، میدیا پلانە، لەگەڵ ستەیج پلان، هەروەها چۆنیەتی رۆماڵ کردنی پێشانگاکە".

گوتیشی: "پێشانگاکە چەندین کار و چالاکی لەخۆدەگرێت وەک کۆڕی شیعری، واژووکردنی کتێب لەلایەن نووسەران، گفتوگۆی رۆشنگەری، پرسی تایبەت بە ئافرەتان، لەگەڵ پرسە جیاوازەکانی دیکە".

شەوقی عومەر دەشڵیت: "زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکراوە بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە، لەنێویاندا ناوەند و دەزگای 20 وڵات هەن".

راشیگەیاند: "یەکێک لە رێنماییەکانمان واژوومان کردووە ئەوەیە هیچ کتێبێک نمایش نەکرێت کە هاندەربێت بۆ توندوتیژی، یان سووکایەتی بە هیچ گەلێک و سیمبولێک، ئیتر ئاینی بێت یا نەتەوەیی".

شەوقی عومەر باسی  داشکانی کتێبەکان کرد و گوتی: "دووجۆرە داشکان هەیە، یەکێکیان ئاساییە کە هەندێک دەزگا داشکانی بۆ کتێبەکان لە 20% بۆ30% کردووە، جۆرەکەی دیکەش بە نرخی خۆی دەیفرۆشێت".