دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆک بۆ فیلم دەستپێدەکات

K24 – هەولێر:

دەیه‌مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک به ناونیشانی زمانی کوردی بۆ کورتە فیلم و بەڵگە فیلمەکان بەڕێوەدەچێت و بڕیارە بەرهەمی وڵاتانی جیهان لە 9 تاوەکو 16ـی مانگی داهاتوو لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی دهۆک و کۆمەڵەی سینەمای دهۆک نیشان بدرێت.

رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، شەوکەت ئەمین کورکی، بەرێوەبەری هونەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆک بۆ فیلم رایگەیاند: لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمەکانی فێستیڤاڵ بۆ بەشی کوردی، فیلمەکانی مەسعود عارف، حوسێن حەسەن، کەوسەر جەبار، شێرزاد عەبدوڵڵا، فوئاد جەلال و سینان یوسف ئۆغڵویان هەڵبژاردووە.

بۆ فیلمەکانی بەشی بیانیش، فیلمەکانی سەعید تەرەقچی ئۆغڵو، شارلۆتپوک، یەڵماز ئۆزدەم، رۆژ حاجۆ و فاتمە ئارماکسیس هەڵبژێردراون.

شەوکەت ئەمین رایگەیاند: فێستیڤاڵەکە بە پێشکەشکردنی فیلمی میسی بەغدا لە دەرهێنەرانی سەهیم ئۆمەر خەلیفە فێستیڤاڵ دەکەنەوە و ئاشکرای کرد، لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمەکانی فێستیڤاڵ بۆ فیلمەکانی بیانی پێک دێن لە دەرهێنەرانی وڵاتی تورکیا، ئێران، هیندستان، پۆڵەندا و ئەفغانستان، هاوکات بۆ فیلمەکانی کوردی، لیژنەکە لە دەرهێنەرانی فەرەنسا، ئێران، عێراق و کوردستان پێکهاتوون.

هەروەها ئه‌میر عه‌لی محه‌مه‌دتاهیر، سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" رایگەیاند: هه‌ر ساڵێک هەوڵدەدەین باشترین و نوێتریین‌ بەرهەمە سینه‌ماییه‌کان له فێستیڤاڵدا ئاماده بکەین و هه‌ر ساڵێک کوالێتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" بەرزبکەینەوە.

سە‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: یه‌کێکی دیکه له ئامانجه‌کانی فێستیڤاڵ ئه‌وه‌یه کولتوور و هونه‌ریی نه‌ته‌وه‌ی کورد و کوردستان به نه‌‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی جیهان بناسێنین پەرە بە په‌یوه‌ندییە فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیرییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بدەین.

لەلایەن خۆیەوە، سینەماکار مەنسوور جیهانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: دەیه‌مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی  فیلمی "دهۆک" به دروشمی "زمانی کوردی" و به نمایشی به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت کە تێیدا  کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان به پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له رۆژانی 9 تا 16ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی دهۆک و کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی دهۆک مۆڵ لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان نیشان دەدەرێن.

ئا/ کارزان حەیدەر