دەزگای خێرخوازی بارزانی پڕۆژەی 'دەستی هاوکاری' لە کەرکووک رادەگەیەنێت

دەزگای خێرخوازی بارزانی
دەزگای خێرخوازی بارزانی

K24 – کەرکووک:

نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازی بارزانی پڕۆژەی 'دەستی هاوکاری' راگەیاندووە، کە پارەی کاش، سەبەتەی خۆراک و پێداویستی قوتابخانە بەسەر 30 خێزانی کەمدەرامەتی کەرکووک دابەش دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی تشرینی دووەمی 2023) رێبوار محیەددین، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک پڕۆژەی 'دەستی هاوکاری'ـیمان راگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی (اغصان الکرمە) و، سەڵاحەددین سەرداری، خێرخواز، هەستاین بە دابەشکردنی پارەی کاش، سەبەتەی خۆراک و پێداویستی قوتابخانە بەسەر 30 خێزانی کەمدەرامەت".

بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاماژەی بەوەدا، ئەو خێزانانەی کە ئەمڕۆ هاوکارییان بەسەر دابەشدەکرێت، لە ماوەی رابردوو سەردانی نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازی بارزانیان کردبوو، دوای بەدواداچوون لەلایەن لێژنەی بەدواداچوونی ئێمە گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە ئەم خێزانانە باری گوزەرانیان باش نییە و بۆیە ئامادەکارییمان کردووە بۆ دابەشکردنی هاوکاری بەسەریاندا.

رێبوار محیەددین، گوتی: ئێمە ساڵانە وەکو هەموو رێکخراوەکانی دیکە کۆمەڵێک پڕۆژە گەڵاڵە دەکەین و پێشنیار دەکەین بۆ سەرۆکی دەزگا. گوتیشی: بە بەردەوام مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازی بارزانی و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگا گرنگییەکی تایبەت بە خەڵکی کەرکووک دەدەن.

بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، "ساڵی رابردوو بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار هاوکاری کە خۆی دەبینێتەوە لە سەبەتەی خۆراک، پێداویستی قوتابخانە، ئاوی پاك چەندەها شتی دیکە بەسەر هاونیشتمانیانی شاری کەرکووک دابەشکراوە".

رێبوار محیەددین، باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا خەریکی پلاندانانین بۆ ساڵی 2024 کە بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری کەرکووک بکەین.