غازی زێباری: رەوەندی کوردی بە پێویستی دەزانێت پشتیوانی لە میدیای کوردی لە هەرێمی کوردستان بکات

دکتۆر غازی زێباری، پزیشک
دکتۆر غازی زێباری، پزیشک

K24 – هەولێر:

پزیشکێک رایدەگەیەنێت، میدیا لە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەیە بە شێوەیەک رۆڵەکەی وەک پێشمەرگە وایە لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان. گوتیشی: رەوەندی کوردی بە پێویستی دەزانێت پشتیوانی لە میدیای کوردی لە هەرێمی کوردستان بکات.

دکتۆر غازی زێباری، پزیشک، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە کە کۆمەڵێ خەڵکێکین لە ئەمەریکا لە ساڵانی 70ـەوە لەو وڵاتەیەن، ئامانجمانە لە رێگەی دڵسۆزیمان بۆ هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە میدیای کوردی بکەین.

ئاماژەی بەوەدا، رەوەندی کوردی بە پێویستی دەزانێت پشتیوانی لە میدیای کوردی لە هەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی کوردیش وەک هەر نەتەوەیکی دیکەی ئەمەریکا و هەر وڵاتێکی دیکەی بناسرێت و ئاشنایەتی لەبارەیەوە پەیدا بکرێت.

ئەو پزیشکە دەڵێت: میدیا لە هەرێمی کوردستان میدیایەکی کراوەیە و رۆڵیکی گرنگی هەیە، بەشێوەیەک رۆڵەکەی وەک پێشمەرەگە وایە لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان.

غازی زێباری، باسی لەوەشکرد، پشتیوانیکردن لە میدیای کوردی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەلایەن رەوەندی کوردییەوە لە ئەمەریکا، بریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کاریگەری دەبێت بەسەر ناساندن و گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە بڕیاربەدەست و زلهێزانەی جیهان.

ئەو پزیشکە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، دوژمنانی کورد لە کۆن و لە ئێستادا بەردەوام لە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و مێژوو و کەسایەتی کورد بوونە، چونکە ئەوان دەزانن کورد بە یەکگرتووی رۆژێک دادێت دەبێتە دەوڵەت.

غازی زێباری دووپایتکردەوە، ئەمڕۆ بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە میدیا بە تایبەتی میدیای کوردی هۆکاربێت بۆ بەیەکگەیاندی ناوەندە زانستی و پزیشکیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەت بۆ گواستنەوە و هێنانی ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بۆ هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵکی ئەم هەرێمە.