هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دیالە و سەڵاحەددین؛ کورد شەڕی ناسنامە دەکات

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دیالە و سەڵاحەددین
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دیالە و سەڵاحەددین

K24 - هەولێر:

ئەگەر چی دانیشتووانی هەردوو پارێزگای دیالە و سەڵاحەددین زۆرینە عەرەبن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەهۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ـەوە لە رووی ئیدارییەوە بەشێکن لەو دوو پارێزگایە، لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا لەو ناوچانە، کورد بۆ نیشاندانی ناسنامەی کوردستانیەتی ناوچەکانی و پاراستنی مافی کوردانی نیشتەجێی ئەو دوو پارێزگایە، دەچێتە کێبڕكێی هەڵبژاردنەوە.

هەردوو ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و سەڵاحەددین کە هەر یەکێکیان لە 15 کورسی پێکهاتووە، لە 2013ـەوە هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام نەدراوە و بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، دەنگدەرانی ئەو دوو پارێزگایە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دوو ئەنجوومەنی نوێ بۆ پارێزگاکانیان هەڵبژێرن، کە دواتر لەو ئەنجوومەنەوە، پارێزگار و دوو جێگر و پلانی کار و بودجەی پرۆژەکان بۆ هەموو ناوچەکانی سەر بە هەردوو پارێزگای دیالە و سەڵاحەددین دیاریدەکرێت.

لەگەڵ ئەوەی پێکهاتەی عەرەبی سوننە زۆرینەن لە هەردوو پارێزگای دیالە و سەڵاحەددین، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کورد و شیعە و هەندێک لە پێکهاتەکانی دیکە، وایکردووە هەڵبژاردن لەو دوو پارێزگایە، جگە لە کێبڕکێی سیاسی لە نێوان لایەنەکانی هەر پێکهاتەیەک، جۆرێک لە کێبڕکێی نەتەوەیی و مەزهەبیش لەخۆبگرێت، بۆیە زیندووکردنەوەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و پاراستنی زمانی کوردی و مافە نەتەوەییەکانی دیکە، وایکردووە کورد شەڕی ناسنامەی خۆی لە پێشەوەی پرسەکانی دیکەوە دابنێت لە کێبڕکێی هەڵبژاردن لە دیالە و سەڵاحەددین.

هەڵبژاردن لە دیالە

نزیکەی 980 هەزار کەس لە پارێزگای دیالە مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە بۆ هەڵبژاردنی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە، بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنیش 330 کاندید رکابەری بەدەستهێنانی ئەو کورسییانە دەکەن کە 50 کاندیدیان کوردن.

لەم هەڵبژاردنەشدا، حەوت هاوپەیمانی و هەشت لایەنی سیاسی و کاندیدێکی سەربەخۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکەن و لایەنە کوردستانییەکانیش بە سێ لیستی جیاواز بەشداری دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بە 16 کاندید، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 30 کاندید و پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستانیش لە لیستەکەیدا، چوار کاندیدی هەیە.

پارێزگای دیالە گرنگی تایبەتی هەیە لە رووی جوگرافییەوە، بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەغدای پایتەخت و وڵاتی ئێران، هەروەها قەزاکانی خانەقین و مەندەلی ناحیەکانی جەلەولا، سەعدیە، مەیدان و قۆرەتوو، کە بەهۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ـەوە ئەو ناوچە کوردستانییانە لە رووی ئیدارییەوە تاوەکو ئێستا لەسەر پارێزگای دیالەن و لە شەڕی چەکدارانی داعشدا، یەکێک بوون لە زیانمەندترین ناوچەکان و بۆ ئازادکردنیان، پێشمەرگە قوربانییەکی زۆریدا.

لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، 92 کاندیدی ئافرەت خۆیان کاندید کردووە، لە کاتێکدا بۆ هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراق لەو پارێزگایە 51 کاندیدی ئافرەت خۆیان کاندید کردبوو، ئەمەش بەشداری زیاتری ئافرەت لەو پارێزگایە و رکابەری لیستەکانی هەڵبژاردن نیشاندەدات لەسەر کورسی کۆتای ئافرەتان کە بەپێی یاسای هەڵبژاردن رێژەکەیان بریتییە لە 25%.

لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە ساڵی 2013، کورد بە یەک لیست بەشداری کرد و توانی سێ کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستبهێنێت، لەم هەڵبژاردنە بەهۆی بوونی سێ لیستی کوردستانی و پەیڕەوکردنی سیستمی سانت لیگۆ (1.7) بۆ هەژمارکردنی دەنگەکان و دابەشکردنی کورسییەکان، مەترسی لەسەر بەدەستهێنانەوەی ئەو کورسییانە هەیە، بۆیە بەرای چاودێران لەو بڕوایەدان، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، کورد لە دیالە لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدایە.

هەڵبژاردن لە سەڵاحەددین

ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین لە 15 کورسی پێکهاتووە و لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، سوننە زۆرینەی ئەنجوومەنەکەی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراقیش بۆ یەکەمجار کورد بەشێوەی راستەوخۆ توانی کورسییەکی پارێزگاکە (بازنەی خورماتوو) بەدەستبهێنێت و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاش لە 2013، کورد لە کۆی 29 کورسی ئەنجوومەنەکە کورسییەکی بەدەستهێنا و لە 2009ـش لە کۆی 28 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین دوو کورسی بەدەستهێنابوو، کە لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا، لایەنە کوردستانییەکان بە لیستێک بەشدارییان کردبوو.

لە پارێزگای سەڵاحەددین، سێ لایەنی لایەنی کوردستانی کە بریتین لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددینیان کردووە، بەگشتیش زۆربەی کاندیدە کوردەکانیش چاویان لە دەنگی دانیشتووانی قەزای خورماتووە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین، پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیستی "الحسم الوطنی"ـی سوننەکان کاندیدێکی هەیە بەناوی (تارا جەمیل حەمید) و کێبڕكێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی کورسییەک لە ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگای سەڵاحەددین.

هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لیستی "الجماهير الوطنية" کاندیدێکی هەیە بەناوی (یاسین محەممەد) چووەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددینەوە. هەرچی حزبی شیوعی کوردستانیشە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "قيم المدني" کاندیدێکی هەیە بۆ رکابەریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین.

قەزای خوورماتوو کە تاوەکو رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر بە تەواوی ئیدارەی قەزاکە لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام دواتر بەهۆی کشانەوەی هێزی پێشمەرگە و خۆسەپاندنی دەسەڵاتی بەغدا هاوشێوەی کەرکووک لە خورماتووش، لەوکاتەوە کورد هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە دەدات.

بەپێی داتاکانیش ژمارەی ئەو کوردانەی مافی دەنگدانیان لە پارێزگای سەڵاحەددین هەیە دەگاتە 40 هەزار دەنگ، بەڵام بەهۆی بەشداریکردنی لایەنە کوردستانییەکان بە لیستی جیاواز، مەترسی دابەشبوونی دەنگەکانی کورد هەیە، بەڵام هەندێک لە چاودێرانی هەڵبژاردن بەدووری نازانن بەهۆی تەکتیکی هەڵبژاردن و سوودوەرگرتن لە کۆتای ئافرەتان و دەنگی گشتی لیستەکانەوە، کورد دوو کورسی بەدەستبهێنێت.

بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانیش، شیعەکان رێژەی 20%ـی پارێزگای سەڵاحەددین پێکدەهێنن، بۆیە لایەنەکانی ئەو پێکهاتەیە چاویان لەوەیە لەم هەڵبژاردنە سێ کورسی لە ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگای سەڵاحەددین ببەنەوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2013ـدا، لە کۆی 29 کورسی ئەنجوومەنەکە چوار کورسییان بەدەستهێنابوو.

لە پارێزگای سەڵاحەددینیش هاوپەیمانییە سوننەکان کێبڕكێی یەکتر دەکەن، بەتایبەتی هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی حەلبووسی، هاوپەیمانی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، هاوپەیمانی حەسم بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی، لەگەڵ بوونی چەندین لیستی دیکەی سوننەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە.

هاوکات هێزە شعییەکان لە رێگەی چەند لیستێکەوە لە پارێزگای سەڵاحەددین رکابەری لیستە سوننەکان دەکەن، بەتایبەتی لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش، بەشێک لە گرووپە چەکدارە شیعییەکان باڵادەستییان لە ناوچەکە ماوەتەوە.

لەوانەش هاوپەیمانی چوارچێوەی نیشتمانی (تحالف الإطار الوطني) بە سەرۆکایەتی محەممەد سالم غەببان، یەکێکە لە سەرکردەکانی رێکخراوی بەدر و پێشتر وەزیری ناوخۆی عێراق بووە کە پێکهاتووە لە هاوپەیمانی بنیاتدەنێین (تحالف نبني) بە سەرۆکایەتی هادی عامری، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، هاوپەیمانی "نصحح" بە سەرۆکایەتی هومام حەمودی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم. هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی (تحالف النهج الوطني) کە عەبدولحوسێن موسەوی سەرۆکایەتی دەکات و لە هەردوو پارتی "واعدون" و"تنوع" پێکهاتووە.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان 2023

بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.

ئەم بابەتانەش بخوێنەوە:

کەرکووکییەکان بە هەڵبژاردن کۆتایی بە کاریگەرییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دەهێنن؟

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.. شیعەکان لە گۆڕەپانی سوننەکان یاری دەکەن

لە ئامادەنەبوونی سەدر؛ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گرەوی بردنەوە لەگەڵ یەکتر دەکەن

سوننەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بەسەر چوار بەرەدا دابەشدەبن 

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: کورد هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پۆستەکانی دەدات