تەنیا خێروڵڵا: پارتی بەرگری لە مافەکانی هاووڵاتییانی کەرکووك دەکات

تەنیا خێروڵڵا، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
تەنیا خێروڵڵا، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – هەولێر:

کاندیدێکی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: پارتی هەوڵدەدات کێشەی زەویوزاری جووتیاران لە پارێزگای کەرکووک چارەسەربکات. ئاماژەی بەوەشدا، کە پارتی بەرگری لە مافی هاووڵاتییانی کەرکووک دەکات.

تەنیا خێروڵڵا، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەی زەویوزار لە کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس، کە بە گرێبەستێکی ساختە ئەو ناوچەیە تەعریبکرا و عەرەبی هاوردە هاتن لەو شوێنی کوردەکان جێگیرکران.

ئەو کاندیدەی پارتی ئاماژەی بەوەدا، پارتی لە شاری کەرکووک بەردەوام لەسەر هێلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری جووتیاران. جەختی لەوەشکردەوە، کە پێویستە هەموو قیادەی کوردی لەگەڵ پارتی پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەربکەن.

تەنیا خێروڵڵا، دەڵێت: پلانی ئێمە گەڕانەوەی شکۆیە بۆ تاک بە تاکی کوردی شاری کەرکووک، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە کورد لەم شارە بریداربوونە، دەیان خانەوادە لێی قەوما و ئەو شارەیان جێهێشت.

ئەو کاندیدەی پارتی، باسی لەوەکرد، پارتی بەرگری لە مافەکانی هاووڵاتییانی کەرکووک دەکات.

گوتیشی: ئەگەر بتوانین زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک بەدەستبهێنین، ئەوکات دەتوانین پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بگۆڕین و ئەوکات هەوڵدەدەین کوردێکی دڵسۆز بکەینە پارێزگاری کەرکووک.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.