وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاوخەمی بۆ قوربانییانی رووداوەکەی سۆران دەردەبڕێت

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا - وێنە: AA
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا - وێنە: AA

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە سۆران، لە راگەیەندراوێکدا هاوخەمی خۆی بۆ قوربانییەکانی ئەو رووداوە دەردەبڕێت.

رۆژی شەممە (9ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەوپەڕی دڵتەنگییەوە هەواڵی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کەسێکمان پێگەیشت بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وێرای سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ئەو رووداوە، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندان خواستووە.

شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

دوای رووداوەکەش، بە نووسراوی ژمارە (35026) لە (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە هۆکاری رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.