هەڵگورد شێخ نەجیب: بە تەواوبوونی رێگاوبانی سۆران، جووڵەی بازرگانی و گەشتیاریی دەگاتە ناوچەکە
K24 – هەولێر :
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیەنێت، بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی رێگەوبان لە سۆران، جووڵەیەکی بەهێزی بازرگانیی و گەشتیاریی دەکەوێتە ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە ( 23 – ی کانوونی یەکەمی 2023)، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان 24- ی راگەیاند: لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە بوارەکانی رێگاوبان، ئاو و کارەبا، تەندروستی چۆتە بواری جێبەجێکردن، بەتایبەتیش پرۆژەکانی رێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە سنوورێکی جوگرافی بەرفراوانی هەیە، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بە پشتیوانی و پاڵپشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ، توانیمان زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانە بخەینە بواری جێبەجێکردن و شۆڕشێکی ئاوەدانی لەو ناوچەیە بەرپا بکەین، پرۆژەی بچووک و مامناوندی و ستراتیژیشمان ماوە جێبەجێی بکەین.
دەشڵێت: سۆران ناوچەیەکی گەشتیاریی و بازرگانیی و کشتوکاڵیی گەورەیە، یەکێک لە پلانە ستراتیژیەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کردنەوەی رێگا و بانە ستراتیژیەکانە بۆ ئەوەی سوود لەو کەرتە گشتیانە وەربگرین.
لەماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا نزیکەی 210 پرۆژەمان خستۆتە بواری جێبەجێکردن، رێژەیەکی بەرچاویشمان لەو پرۆژانە جێبەجێ کردووە.
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژە بەوە دەکات، یەکێ لە هۆکارە گرنگەکانی راکێشانی وەبەرهێنەران بۆ ناوچەکە، بابەتی رێگەوبانەکانە، دەڵێ: ئێمە لە سەرەتا کارمان لەسەر پرۆژەکانی رێگەوبان کردووە بۆ ئەوەی هاتوچۆ بۆ سۆران ئاسان بکەین، ئێستا پرۆژەی جووتسایدی سپیلک-خەلیفان کە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بە بەستنەوەی بە جووتسایدی باسرمە تا دەگاتە زارگەلی، لەگەڵ بەرفراوانکردنی شەقامەکانی نێو گەلی ، پاش تەواوکردنی ئەو پرۆژانە، هاتوچۆکردن بۆ سۆران ئاسان دەبێت، بە ئاسانبوونی هاتوچۆش، دەتوانین دەستی وەبەرهێنان بۆ دەڤەرەکە رابکێشین لە رووی گەشتیاریی و بازرگانی.
دەڵێت: لە بەرنامەماندایە سەنتەرێکی بازرگانیی گەورە لە سۆران دورستبکەین، پرۆژەی ستراتیژیشمان هەیە لە رووی گەشتیارییەوە، ئێستا خەریکی دروستکردنی ماستەرپلانێکی گەشتیارینە کە بە چاودێری راستەخۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان خەریکی دیزاینکردنین، ئاشکرای کرد، دوو دەروازەی سنووری ئێستا لە سنووری ئیدارەی سۆران هەیە، دەروازەی سێیەمیش لە سیدەکان دەکرێتەوە بەم زوانە، بەو سێ دەروازە، جووڵەی بازرگانی بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێ: پلانی کورت خایەن و درێژخایەنمان هەیە، بە جێبەجێکردنی ئەو پلانانە، دوو ساڵی دیکە سۆران دەچێتە قۆناغێکی دیکە.
لەبارەی بابەتی وزەی کارەبا لە وزەی خۆر بۆ شوێنە گشتییەکان، ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا هەوڵ دەدەن بگەنە گوندەکانیش، دەڵێت: چەند گوندێکمان لەبەردەستدایە وەکو پایلۆت خەریکینە کارەبایان لە وزەی خۆرەوە بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەو پرۆژەیە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کارمان کردووە و لە قۆناغی کۆتایی دایە، جگەلە گوندەکان، بۆ قوتابخانەکانیش هەمان پرۆژە جێبەجێدەکەین، بەوەش لۆد لەسەر کارەبا کەم دەکەینەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆژەی ریسایکلین بەم نزیکانە بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت، لەگەڵ پرۆژەی خاوێنکردنەوەی ئاوی قورس لە سۆران بۆ ئەوەی جارێکی دیکە باکەر بهێندرێتەوە.
لەبارەی هەناردەکردنی بەرووبوومی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: تێڕوانینی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان روونە لەوەی کاری بەبازاڕکردن بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی کوردستان بکەین و بەرهەمەکان ساغبکرێتەوە و بۆ دەرەوەی وڵات بنێردرێت، بەروبوومەکانی سۆران تایبەتن و براندن، دوای تەواوبوونی پرۆژەکانی رێگەوبان، بەرهەمەکانی سۆران هەناردەی دەرەوەی وڵاتی دەکەین.