منداڵێکی شەش ساڵان بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ گەشتێکی هەڵە ئەنجام دەدات

K24 - هەولێر

منداڵێکی ئەمەریکی کە تەمەنی لە شەش ساڵ تێپەڕ نەکردووە، هاوشێوەی فیلمی بەناوبانگی "Home Alone"، گەشتێکی ھەڵەی کردووە کە سەدان کیلۆمەتر لە شوێنی مەبەستی خۆی دوور خستووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر خێزانەکەی دروستکردووە.

 بەپێی راپۆرتێکی"سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکی کە دەڵێت: بڕیار وابوو داپیری ئەو منداڵە کە ناوی "ماریا رامۆس"ـە لە 21ـی کانوونی یەکەمدا لە فڕۆکەخانەی فۆرت مەین لە باشووری رۆژئاوای فلۆریدا پێشوازی لە "کاسپەر"ـی نەوەی بکات، کە لە فیلادلفیا بۆ پشووی سەری ساڵ هاتبوو. بەڵام کاتێک فڕۆکەکە نیشتەوە، رامۆس نەوەکەی لەناو سەرنشینەکاندا نەدۆزیەوە، وا گریمانە دەکرا کە دایکی رادەستی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی کردبێت بۆ ئەوەی ئاگاداری بێت و دڵنیابێت لە گەیشتنی بە شوێنی مەبەست. پاشان داپیرەکەی کاسپەر بە خێرایی لە کارمەندێکی فڕۆکەکە دەپرسێت، بەڵام کارمەندەکە دڵنیای کردەوە کە منداڵەکە لەو گەشتەدا نییە.

رامۆس گوتیشی: دوای ئەوەی دڵنیا بووەتەوە کە نەوە بچوکەکەی لەناو فڕۆکەکەدا نییە، چەند ساتێکی ترسناکی بەسەردا هاتووە، دەشڵێت: دواتر بۆی دەرکەوتووە کە لە فڕۆکەیەکی دیکەدا بووە، کە بردویەتی بۆ شاری ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا کە 4 کاتژمێر لە ماڵی داپیرەی دوورە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێڵی ئاسمانی "سپێریت ئێرلاینز"پێشنیاری قەرەبووی گەشتەکەی کردووەتەوە وگوتیەتی، "داوای لێبوردن دەکەین سەبارەت بە روودانی ئەم هەڵەیە، ئایا دوای ئەوەی سواری فڕۆکەکە بووە لە فڕۆکەکە دووریان خستووەتەوە؟ ئایا بە تەنیا چووەتە فڕۆکەکەی تر؟ یان کەسێک یاوەری بووە دوای ئەوەی دایک و باوکی رادەستی تیمی فڕۆکەکەیان کردووە؟".

لای خۆیەوە کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، لە 21ـی کانوونی یەکەمدا، منداڵێک بەتەنیا لە فڕۆکەخانەی فیلادلفیا بەهەڵە گواستراوەتەوە بەرەو ئۆرلاندۆ.ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵەکە هەمیشە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی ئەندامێکی تیمەکەماندا بووە، هەر کە هەڵەکەمان بۆ دەرکەوت، دەستبەجێ هەوڵماندا بۆ پەیوەندیکردن بەخێزانی منداڵەکە.

 لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە سەلامەتی و بەرپرسیارێتی گواستنەوەی سەرجەم میوانەکانمان زۆر بە جددی وەردەگرین، لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی ئەنجام دەدەین و داوای لێبوردن لە خێزانەکە دەکەین بۆ ئەوەی بەسەریاندا هاتووە".