كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق: ناتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25ـی شوباتی ئه‌مساڵ ئەنجام بدەین

باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەفەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستانی ئاگادارکردووەتەوە، ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25 شوباتی 2024 ئەنجام بدەن.

د. عیماد جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی دواخستنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر کورسی پێکهاتەکان بۆ 21ـی ئه‌م مانگه‌، کۆمیسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.

گوتیشی: دانیشتی دادگای فیدراڵی بۆ 21ـی ئه‌م مانگه‌ دواخراوە و بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کورسی پێکهاتەکان، بۆ ئەوە ماوەیەی لەبەردەم کۆمیسیۆنە ناتوانێت ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردووەتەوە و داوایان کردووە بەڕێککەوتن وادەیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت.

رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێكکارە پێویستەکان.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.