پاش هەوڵی شاخەوان عەبدوڵڵا بەشێکی سوپای عێراقی لە گەڕەکی نەورۆز کشانەوە

شاری کەرکووک
شاری کەرکووک

K24 – کەرکووک:

سوپای عێراقی هەڕەشەی لە سێ کوردە دەستگیراوەکە کردووە، ئەگەر جارێکی دیکە ناڕەزایی دەرببڕن، بە ماددەی تیرۆر دەستگیریان دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ی کانوونی دووەمی 2024)، سوپای عێراقی بەهەمەڕ و سەربازیی زۆرەوە، هەڵیکوتایە سەر ماڵە کوردەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک، هەوڵدەدات ئەو 130 خانووە دەستبەسەردا بگرێت کە نزیکەی 20 ساڵە کورد تێیدا دەژیت.

سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک زانیاریی نوێی لەبارەی جموجۆڵی سوپای عیراقی لە گەڕەکی نەورۆز ئاشکرا کرد و رایگەیاند: هێزەکان هەندێکیان کشاونەتەوە دوای هەوڵێکی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

کوردێکی گەڕەکی نەورۆز بە کوردستان24 ی گوت: کورد جارێکی دیکە تەعریب لە شارە تەعریب دەکرێتەوە، ئەو هاووڵاتییە کوردە دەڵێت: چەند کەسێکیان لە ئێمە دەستگیر کرد، بۆیە پێکەوە فشارمان بۆسەر هێزەکە دروستکرد.

هاووڵاتییەکی دیکەش نیگەرانی خۆی بۆ کوردستان24 نیشاندا لەوەی، ئەوانەی لەدوای 16  ی ئۆکتۆبەرەوە هاتوونەتە گەڕەکی نەورۆز قسەیان لەگەڵدا ناکرێت چونکە لە نەتەوەی دیکەن، دەڵێت: چونکە ئێمە کوردین، هاتونەتە سەرمان کە نزیکەی 20 ساڵە لەو گەڕەکە دەژین.

بۆ کوردستان24 هاووڵاتییەکی دیکەی گەڕەکی نەورۆز ئاماژەی بەوە کرد، حوکمی عەرەبی لە شارەکە لەسەر کورد جێبەجێدەکەن، پێی وایە مەبەستیان تەنها کوردە، دەشڵێت: بەوەندە ناوەستن و لە گەڕەکی دیکە هەڵدەکوتنە سەر کورد.

نوێنەری شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەنێو هاووڵاتیانی گەڕەکی نەورۆز بۆ کوردستان24 گوتی: لەیەکەم کاتەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە لەسەر کێشەی کوردانی گەڕەکی نەورۆز، سەرۆکوەزیران بڕیاریدا سوپاکە بکێشننەوە، بەڵام پێی جێی سەرسوڕمانە کە هێشتا سوپاکە لەوێ ماونەتەوە.

نوێنەری  شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بەپێی یاسا کێشەکان چارەسەر بکرێن، رایگەیاند: سبەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەغدا قسە دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خانووانەی گەڕەکی نەورۆز، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندووە، ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەیاننامەی  دەبێت.

بەپێی زانیاریی پەیامنێری کوردستان24، خەڵکی گەڕەکی نەورۆز مۆڵەتیان داوەتە سوپای عێراق کە هەتا بەیانی گەڕەکەکە چۆڵ بکەن، ئەگەر ئەوە جێبەجێنەکەن، دووبارە گردەبنەوە، سوپای عێراقیش هەڕەشەی لە دەستگیرکراوەکان کردووە کە جارێکی دیکە بێنە دەرەوە، بە ماددەی تیرۆر دەستگیریان دەکات.