ترەمپ: بایدن خراپترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمەریکادا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (وێنە: AP)
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، "بایدن مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی و خراپترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمەریکادا".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەو وڵاتە، بە هێرشکردنە سەر جۆو بایدن دەستپێکرد و گوتی، "ئێستا سەرۆکێکمان هەیە کە مەترسییە بۆسەر دیموکراسی، ئەو بەشێوەیەک مەترسیدارە بۆسەر دیموکراسی کە خەڵکانێکی کەم هەستی پێدەکەن و دەیبینن".

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا؛ دۆناڵد ترەمپ و جۆو بایدن دوو بەربژێری سەرەکی بوون. دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند و دوای ئەوەش داوای لە لایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر شەقام و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قبووڵ نەکەن و لە 6-1-2021 بەشێک لەلایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکویاتە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس.

بە گوتەی ترەمپ، "جوۆ بایدن خراپترین سەرۆکی ئەمەریکایە لەمێژوودا. ئەو تانەنەت ناتوانێت دوو رستە بەسەریەکەوە بڵێت. بەداخەوە ئەمەریکا سەرۆکێکی هەیە ناتوانێت لەسەر ستەیج بوەستێت، هەندێک جار تەنانەت قادرمەکانیشی لێ ون دەبێت."

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد و پێی گوتن، "ئێوە ئێستا کەسێکتان هەیە تەنها ئەو دەتوانێت کۆتایی بەو کارەساتە بهێنێت کو بایدن دەستیپێکردووە".

دۆناڵد ترەمپ چەند تۆمەتێکی دراوەتە پاڵ کە بریتین لە بەلاڕێدابردن، دەستوەردان و رێگریکردن لەبەردەم هەڵبژاردن و بەشێکی ئەوانیش پەیوەندییان بە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسەوە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 هەیە.

ترەمپ کە بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون بە"بێ بنەما" ناودەبات و بە دەستوەردانی سیاسیی هەڵبژاردن دەزانێت. بەگوێرەی نوێترین راپرسی، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری دڵخوازی لایەنگرانی پارتی کۆمارییە لە ئەمەریکا.

لە راپرسییەکەی رۆژنامەی "ئەی بی سی"ـیشدا، دۆناڵد ترەمپ %49ی دەنگەکانی راپرسیەکەی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا جۆو بایدن تەنها %42ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.