ناوچە کوردستانییەکانی دەشتی نەینەوا لە خزمەتگوزاری بێ بەشکراون

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

دەشتی نەینەوا سنوورێکی فراوان و دەشتێکی ئاوەدان، بەڵام دانیشتوانەکەی لە نێوان پرسی جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140 و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بێ ئومێد بوون و نازانن تاوەکوو کەی چارەنووسیان یەکلایی دەبێتەوە.

نایف سرێچکی، کەسایەتیی گوندی سرێچکا لە دەشتی نەینەوا بۆ کوردستان24 دەڵێت "بە داخەوە لە دوای 2003ـەوە چارەنووسمان نادیار لە سنووری ماددەی 140، لە دوای شەڕی ئازادی عێراق چاوەڕوان بووین لە ڕووی خزمەتگوزارییە پەرە بە ناوچەکەمان بدرێت و بوژانەوە و گەشانەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو".

غازی عەساف، ڕۆشنبیر بۆ کوردستان24 گوتی "جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140 زیانێکی زۆری بە ئێمە گەیاندووە، تاوەکوو ئێستا لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا و ڕێگەوبان بێ بەشکراوین، قوتابخانەکانیشمان بەگوێرەی پێویست نین، بۆیە داواکارین لە هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان چارەنووسی سنووری ماددەی 140 جێبەجێ بکەن و یەکلا بکەنەوە".

لە ساڵی 2005 و دوای پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق و دانانی ماددەی 140 بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو پارچە دابڕێندراوەی هەرێم لە سنووری دەشتی نەینەوا بەو ئومێدەوە بوون کە ماددە دەستوورییەکە لە ماوەیەکی کورت و دیاریکراودا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق بەردەوام خۆ لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەدزێتەوە.

سەرۆکی دەستەی ناوچەکە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی دەشتی نەینەوای کردووە و لەگەڵ چەند لایەنێکی پەیوەندیدار و ئیدارەی خۆجێی مووسڵ و دەشتی نەینەوا کۆبووەتەوە بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئەوە تا جێبەجکردنی ماددەی 140 خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەشی هاووڵاتیان بکرێت.

فەهمی بورهان – سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ کوردستان24 گوتی: سەردانەکەم بۆ ناوچەکە بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوون لە دۆخی ناوچەکە و پشتیوانیکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بووە، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێمانڕاگەیاندوون ئەوەی لە توانامان بێت بۆیان دەکەین و جەختیشمان کردووەتەوە لەوەی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دەبێت جیاکاری لە ناوچەکان نەکات و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکات.

هاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دانیشتوی دەشتی نەینەوا لە دوای شەڕی ئازادکردنی ناوچەکانیان لە دەستی داعش و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان چاوەڕوان بوون حکوومەتی عێراق دەستی زیاتری خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانیان درێژ بکات بۆ ئەوەی سیمای شێواوی شەڕو وێرانکارییەکان نەهێڵێت، بەڵام حکوومەتی عێراق و ئیدارەی خۆجێی نەینەوا بە پشتگوێ خستنی ئەو ناوچانە هێندەی دیکە هاووڵاتییانیان نا ئومێد کردووە، دوای سەردانی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەڵێنیان داوە لە هەوڵ دەدەن خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی سنووری ماددەی 140 بکەن.