شیرین عەلی: ھونەر داهێنانێکی مرۆییە کە مەبەست و ئاکامی ئاراستەکردنی جوانییە
K24 – هەولێر :
ئەکتەر و دەرهێنەر شیرین عەلی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە کارە هونەرییەکانی و ئەزموونی خۆی لە هونەری سینەما و شانۆ دەکات و دەڵێت: ھونەر داهێنانێکی مرۆییە کە مەبەست و ئاکامی ئاراستەکردنی جوانییە.
شیرین لەبارەی گرنگیی شانۆوە گوتی: نان و شانۆم بدەرێ ،گەلێکی ھۆشیارت دەدەمێ، دەڵێت: ئەمە دەلالەتێکی زۆر روونە، شانۆ لە رێگەی تێڕوانینی هونەرمەند بۆ ژیان و چڕبوونەوەی لە رەهەندە کۆمەڵایەتیەکان و ھەوڵدان بۆ هەلومەرجێکی بونیادنەرتر ،دەتوانێت هۆشیارانە لەسەر زۆربەی کۆمەڵگا کاریگەری دادەنێت، بۆ پێناسەکردنی هونەرمەندی راستەقینەش، پێی وابوو ،ھونەرمەندی راستەقینە ئەو کەسەیە لەگەڵ قۆناغەکەی خۆیدا دەژێت و دابڕاو نیە لە کارەسات و مەینەتیەکانی کۆمەڵگەکەی.
لەبارەی توانای خۆی لەنێوان شانۆ و سینەکامدا، شیرین ئاماژە بەوە دەکات، ھونەر بە گشتی دەربڕی زاتی مرۆڤە، بینەر بڕیار لەسەر تواناکان دەدات.
پرسی پاراستنی مافی هونەرمەندان، بابەتێکی دیکەی نێوان شیرین و کوردستان24 بوو، ئەو پێی وابوو، ھیچ یاسایەک نیە مافی ھونەرمەند پارێزراو بکات، یاخود بودجەی ھونەری بەشێوەیەکی باش رێکبخات، ئاماژەی بەوەشکرد.ھونەر داهێنانێکی مرۆییە کە مەبەست و ئاکامی ئاراستەکردنی جوانییە، دەڵێت: من وابەستەم بەو تیۆرەی ھیگڵەوە کە ھونەر ھەڵقوڵاوی رۆحی مرۆڤە، بەڵکو حاڵەتێکی رۆحیە لە رێگەی ھەست و ویژدانەوە خۆی وێنا دەکات.
لەبارەی نەبوونی بینەری سینەما و شانۆش، شیرین دەڵێت: لەبەر ئەوەی ھونەر نەبووە بە کولتوور لای ئێمە، تا ئێستا نەتوانراوە برەو بە بەبازاریکردنی کارە ھونەرییەکان بدرێت و بینەر رابکێشینە نێو ھۆڵی نمایشەوە، لە سەروو ئەمانەشەوە کاری باش بکرێت بینەری باشی دەبێت، وەک لەم چەند ساڵەی پێشوو ھەندێک کاری باشمان بینی کە بینەری باشی ھەبوون چ لە شانۆ یاخود لە سینەمادا.
شیرین عەلی وەک ئەکتەر لە بواری شانۆ و سینەمادا کاری کردووە، کاری دەرهێنانی لە بواری فیلمدا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە 10 کاری شانۆیی بەشداریکردووە.
شیرین ئاماژە بەوە دەکات، کاری دەرهێنانی بۆ 4 فیلمی فیکشن و 2 فیلمی دۆکیۆمێنتاری کردووە، لە 8 فیلمی کورت و درێژدا وەک ئەکتەر رۆڵی بینیوە، وەک یاریدەدەری دەرھێنەر و تەکنیک، لە زیاتر لە 35 فیلم ب لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بەشداریی کردووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ھونەری نواندن و بڕوانامەی ماستەری لە فیلمسازی لە وڵاتی بەریتانیا هەیە.