بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران بەشێکی زۆر لە کاندیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتدەکرێنەوە

هەڵبژاردن لە ئێران - وێنە: ئەرشیف
هەڵبژاردن لە ئێران - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران رایگەیاند بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی وڵاتەكە کە رۆژی یەکی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، شیاوبوونی 52%ـی کاندیدەکانی پەسەندکردووە. بەپێی ئامارەکانی ئەو ئەنجوومەنەش لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێژەی ئەو کاندیدانەی شیاوبوونیان پەسەندکراوە کەمتر لەو ئامارەیە.

نزیک دوو مانگ بەر لە وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی ئێران، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، ناوی ئەو کاندیدانەی راگەیاند کە شیاوبوونیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان پەسەندکراوە، بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان شیاوبوونیان پەسەندکراوە زۆر کەمترە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران.

لە پارێزگای ورمێ، کە 12 کورسیی لە پەرلەمان هەیە، کۆی کاندیدەکان 766 کەس بوون کە کۆمیسیۆنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، شیاوبوونی 515 کەسیان پەسەندکرد و لەم ژمارەیەش ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی 234 کەس واتە 30%ـی کۆی کاندیدەکانی پەسەندکردووە.

لە پارێزگای سنە، کە شەش کورسیی لە پەرلەمان هەیە، کۆی کاندیدەکان 358 کەس بوون کە کۆمیسیۆنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، شیاوبوونی 326 کەسیان پەسەند کرد و لەم ژمارەیەش ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی 133 کەس واتە 37%ـی کۆی کاندیدەکانی پەسەند کردووە.

لە پارێزگای کرماشان، کە هەشت کورسیی لە پەرلەمان هەیە، کۆی کاندیدەکان 490 کەس بوون کە کۆمیسیۆنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، شیاوبوونی 251 کەسیان پەسەندکرد و لەم ژمارەیەش ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، شیاوبوونی 219 کەس واتە 44.6%ـی کۆی کاندیدەکانی پەسەندکردووە.

لە پارێزگای ئیلام، کە 3 کورسیی لە پەرلەمان هەیە، کۆی کاندیدەکان 229 کەس بوون کە کۆمیسیۆنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، شیاوبوونی 189 کەسیان پەسەند کرد و لەم ژمارەیەش ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، شیاوبوونی 98 کەس واتە نزیک 43%ـی کۆی کاندیدەکانی پەسەندکردووە.

لە پارێزگای لوڕستان، کە نۆ کورسیی لە پەرلەمان هەیە، کۆی کاندیدەکان 569  کەس بوون کە کۆمیسیۆنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، شیاوبوونی 374 کەسیان پەسەندکرد و لەم ژمارەیەش ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، شیاوبوونی 284 کەس واتە 50%ـی کۆی کاندیدەکانی پەسەندکردووە.

بەم شێوەیەش لە ئاستی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە گشتی دوو هەزار و 412 کەس ناوی خۆیان وەک کاندید تۆمارکردبوو، کە لەم ژمارەیە شیاوبوونی 968 کەس واتە تەنیا 40%ـی کۆی کاندیدەکان پەسەندکراوە کە بە رێژەی 12% کەمترە لەو ئامارە گشتییەی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە راگەیاندراوە.