هەڵبژاردنەکانی ئێران لەنێوان دۆخی نێوخۆیی و ململانێکانی ناوچەکە؛ تاران بەرەو کوێ دەبات؟

هەڵبژاردن لە ئێران - گرافیک: کوردستان24
هەڵبژاردن لە ئێران - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

ئێران لە بەردەوم هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی شارەزایاندایە و کاریگەری ئەنجامی ئەو دوو هەڵبژاردنە هەرچەندە کاریگەری لەسەر سیاسەتی بڕیاردانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی راستەوخۆ نییە، بەڵام ململانێ و رکابەرییە ناوخۆییەکانی هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر رۆڵی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دروستدەکات.

پرسی جەنگی غەززە و رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل، دۆخی ئابووری و بەهای تمەن و ململانێ سیاسیی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و رۆژئاوا و دۆسیەی ئازادییەکان کە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لەو وڵاتە لە دوای خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی گیانلەدەستدانی (ژینا ئەمینی) لە کۆتایی ساڵی 2022، کاریگەری و رەنگدانەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە دروستکردووە، هەرچەندە تاران پرسی هەڵبژاردنەکان بە بابەتێکی ناوخۆیی دەبەستێتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی لە ناوچەکەدا نییە.

مەرجەکانی کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە بە هەند وەردەگیرێت بریتین لە حەوت خاڵی سەرەکی، لەوانەش کاندید لە توانای بینین، بیستن و قسەکردن کێشەی تەندروستی نەبێت و پێشخانی سزای یاسایی و دۆسیەی لە دادگا نەبێت و  ناو و ناوبانگی خراپ نەبێت.

لە مەرجەکانی دیکەش، دەبێت کاندید تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت و بە لایەنی کەمەوە بڕوانامەی دیبلۆم یان هاوشێوەیان هەبێت و مەرجە بڕوای هەبێت و پابەندی کرداری هەبێت بە سیستم و دەستووری وڵات، ئایینی ئیسلام و ویلایەتی فەقیه.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران

رۆژی (1ـی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە لە 290 ئەندام پێکدێت بەڕێوەدەچێت کە چوار ساڵ جارێک بەشێوەی هەڵبژاردنی راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە دەنگیان پێدەدرێت، بەڵام تا دوای پەسەندکردنی دەرچوونیان لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە ناتوانن وەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی بخۆن.

ئەم هەڵبژاردنە 12ـەمین خولی پەرلەمانی ئێرانە کە لە مانی ئابی 2023 بەپێی رێکارەکانی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە دەرگای خۆپاڵاوتن کرایەوە و نزیکەی 25 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکرد کە رێژەی 12%ـەیان ژن بوون بۆ چوونە کێبڕکێی هەڵبژاردن، لەو ژمارەیەشدا لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، شیاوبوونی 52%ـی کاندیدەکان پەسەندکراوە، بەڵام ئەم رێژەیە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترە.

دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی ئێران بەسەر شارەکانی ئەو وڵاتە بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووانە و ئەوەی تایبەت بێت بە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ پارێزگای ورمێ 12 کورسی، پارێزگای سنە شەش کورسی، پارێزگای کرماشان هەشت کورسی، پارێزگای ئیلام سێ کورسی و پارێزگای لوڕستان نۆ کورسییان لە پەرلەمانی ئێراندا هەیە.

لە بازنەکانی هەڵبژاردنی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەرلەمانی ئێران 958 کاندید شیاوبوونیان لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە بۆ دەرچووە کە رێژەی 40%ـی ئەو کەسانەیە ناوی خۆیان بۆ چوونە کێبڕکێی هەڵبژاردن تۆمارکردبوو.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری

هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە (1ـی ئاداری 2024) بەڕێوەدەچێت کە لە 88 ئەندام پێکدێت و هەشت ساڵ جارێک بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.

ئەرکی ئەم ئەنجوومەنە بەپێی دەستوور، دانانی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بڕیاردانە لەسەر لادانی لە پۆستەکەی ئەگەر گەیشتنە ئەو بڕیارەی ئیتر شیاو نییە بۆ مانەوە لە راپەڕاندنی کارەکانی و خۆ کاندیدکردن بۆ ئەم ئەنجوومەنەش پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورە و لە رابردووش هەموو ئەوانەی بوونەتە ئەندام لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، کەسانی بەتەمەن و نزیک بوون لە دەسەڵاتی سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵات.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی جیاواز و هەستیارترە، ئەویش بەهۆی ئەو ئەرکەی هەیەتی کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی رێبەرەوە هەیە، لە کاتێکدا کە عەلی خامنەیی کە ئێستا تەمەنی 84 ساڵە و چاودێران پێشبینی ئەوە دەکەن، لە هەشت ساڵی داهاتووی تەمەنی ئەم ئەنجوومەنە، رێبەرێکی نوێ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دیاریبکرێت.

ململانێ و کاردانەوە ناوخۆییەکان

ئەگەرچی جیاوازی و ململانێکانی نێوان هەردوو رەوتی پارێزکاران و ریفۆڕمخوازان ریشەیەکی قووڵی هەیە لە هەڵبژاردنەکانی ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ هەڵبژاردنەکانی ئاداری 2024 کەشێکی جیاوازی هەڵبژاردن لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران هاتووەتە کایەوە، بەشێوەیەک ئێستا کێبڕکێی هەڵبژاردن لەنێو خودی ئەو رەوتانەشدایە کە بەشێک لە چاودێران ئەمە بۆ هەڵمەتی هاندانی خەڵک بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان دەگەڕێننەوە.

جەنگی غەززە و گوتاری توندی دژ بە ئیسرائیل، یەکێکە لە کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن هەردوو رەوتەکەوە، بەشێوەیەک پارێزکارەکان داوای هەڵوێستی توندی کرداری لە تاران دەکەن دژ بە ئیسرائیل و ریفۆڕمخوازەکانیش رەخنە لە دەسەڵات دەگرن تەنها لێدوان دەدات و هیچ هەنگاوێکی بۆ پشتیوانی لە فەڵەستییەکان نەهاویشتووە و رەخنەی ئەوەش دەگرن، لە لوتکەی نائاسایی وڵاتانی ئیسلامی لە ریاز لە (11ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە، تاران دانیناوە بە دامەزراندنی دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان وەک چارەسەی کێشەکان و کۆتاییهاتنی جەنگ.

دۆخی سەختی ئابووری بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و رێژەی هەڵاوسانی ئابووری و دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی بێکاری دروستکردووە، وایکردووە خەڵکێکی زۆر لە دەنگدان بێ هیوابن کە دۆخی ژیانیان بگۆڕێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ریفۆڕمخوازەکان پشتیوانیکردنی دارایی لە گرووپە چەکدارە شیعییەکان لە وڵاتانی ناوچەکە خەرجکردنی بودجەیەکی زۆر لە چەکدارکردنیان بە خاڵی لاوازی دەسەڵات دەبینن کە ناتوانێت دۆخی ئابووری وڵاتەکەی کۆنترۆڵ بکات و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان باشتربکات لە بەرامبەردا، پارێزکاران دۆخی ئابووری وڵاتەکەیان بە پیلانی رۆژئاوا دژ بە کۆماری ئیسلامی دەبینن و پاوانخوازی تاران لە بوونی رۆڵێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژمارەیەکی بەهێز لەسەر ئاستی جیهان، بۆ هێزی دیپلۆماسی دەسەڵات دەگەڕێننەوە.